ڕژێمی ئێران بەردەوامە لە سزادانی خوێندکاران

نیلۆفەر میرزایی ڕێگەی پێنادرێت بچێتە زانکۆ و خوێندنی لێ قەدەغە کراوە، زەهرا یاس و فاتمە حەمیدی کە دوو وەرزی قەدەغەکردنی کاتی خوێندنیان بەسەردا سەپێندرا، بڕیارەکە جێبەجێکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

لە درێژەی فشارەکانی ڕژێمی ئێران بۆ سەر خوێندکاران، دەرکردن و قەدەغەکردنی کاتیان لە خوێندن، سەندیکای زانکۆکانی ئێران ڕایگەیاند، زەهرا یاس موعینی پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان و فاتمە حەمیدی بەهەشتی خوێندکاری بەکالۆریۆس لە بەشی ڕۆژنامەگەریی زانکۆی عەڵلامە تەباتەبایی، پێشتر لەلایەن لیژنەی دیسپلینی زانکۆوە دوو وەرزی قەدەغەکردنی کاتی خوێندنیان بەسەردا سەپێندرابوو، بەڵام بڕیاری وەرزێکیان ڕاگیرابوو، بە نوێکردنەوەی بڕیاری لیژنەکە و لە ١٢ی تەمموزدا سزای هەڵپەسێردراویان بەسەردا جێبەجێکرا.

 

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، لەگەڵ دەرکردنی بڕیارە نوێیەکانی لیژنەی دیسپلین تەنها لە یەک ڕۆژدا، شەش خوێندکاری زانکۆی عەڵلامە تەباتەبایی  مافی بەشداریکردنی وەرزی خوێندنیان لەدەستداوە، چواریان تۆمەتی درۆیان بە بێ ئامادەبوونی خۆیان بۆ دەرچووە.

 

نیلۆفەر میرزایی ڕێگەی پێنادرێت بچێتە زانکۆ

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، نیلۆفەر میرزایی، خوێندکاری گرافیک لە زانکۆی زەهرای تاران، وێڕای تەواوبوونی ماوەی قەدەغەکردنی خوێندن، تا ئێستا ڕێگەی پێنادرێت بچێتەوە زانکۆ.

 

ئەم خوێندکارە چالاکوانە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو دەستبەسەرکرا، بە بێ ئامادەبوونی خۆی و بە نایاسایی سزای قەدەغەکردنی خوێندنی بۆ ماوەی نیو ساڵ و قەدەغەکردنی چوونە ناو زانکۆی بەسەردا سەپێندرا.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت، ناوبراو لەلایەن لیژنەی ناوەندی وەزارەتی زانستەوە بانگهێشتی فەرمانگەی تەندروستی و ڕاوێژکاری کراوە و لەم کۆبونەوەیەدا پێیان ڕاگەیاندووە، مافی نییە بگەڕێتەوە زانکۆ و بخوێنێت.

 

نیلۆفەر میرزایی بافتی، خوێندکاری هونەری گرافیک لە زانکۆی زەهرای تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کە جلوبەرگی ئاساییان لەبەردابوو لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو لە زانکۆ دەستگیرکرا و برایە زیندانی ئەڤین، پاشان مانگی شوبات لە زیندان ئازادکرا.