ژنانی زیندانی سیاسی، یەکەمین قوربانی ئەشکەنجەدانن لە ئێران

٢٦ حوزەیران ڕۆژی جیهانی " پاراستنی قوربانیانی ئەشکەنجە" یە، تا ئێستاش لە ئێران ژنانی زیندانیانی سیاسی ڕووبەڕووی چەندین جۆر ئەشکەنجەی نا مرۆڤانە دەبنەوە.

ئاگرین حوسێنی

 

دیواندەرە- ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی ٢٦ی حوزەیرانی وەک ڕۆژی جیهانی "پاراستنی قوربانیانی ئەشکەنجە" ناساند، ڕێککەوتنی جیهانی سەبارەت بە قەدەغەکردنی ئەشکەنجە هەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە جیهاندا.

ئەشکەنجەدان بە یەکێک لە باوترین ئامرازەکانی شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ و تێکدانی ژیانی مرۆڤ لە ڕابردووەوە تا ئێستا دادەنرێت، ئەم شێوازە نامرۆڤانەیە لە دونیای ئەمڕۆشدا کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، هەر لە سەرەتای ڕژێمی ئێرانەوە سوودیان لە ئەشکەنجەدان وەرگرتووە وەک یەکێک لە ئامرازە تەقلیدییەکانی بەزۆر دانپێدانان، شکاندنی کەرامەتی زیندانیان و بنەماڵە و کەسانی سەر بە زیندانییەکان.

 

لە ڕژێمی ئێران زیاتر لە ٤٥ جۆر ئەشکەنجە لە دژی زیندانیانی سیاسی بەکار هێنراوە، لە ئەشکەنجە باوەکان کە زیندانەکان لە ساڵانی شەستەکانەوە بۆ زیندانیان و قوربانیانی ئەشکەنجە لە ئێراندا جێبەجێ کراوە، بریتییە لە: قامچی لێدان، لێدان، هەڵواسین، سووتاندن، بەکارهێنانی ئامێری تیژ و لێدانی کانزای گەرم لە جەستە، نینۆک ڕاکێشان، دەستدرێژیکردن، دەرهێنانی چاو، بڕینی ئەندامەکانی جەستە و لەسێدارەدان.

 

فشار و ئەشکەنجەدان لەسەر ژنان لە زیندانەکاندا هەمیشە دڕندەیی و توندی لەگەڵدا بووە، ژنە زیندانییە سیاسییەکان یەکەمین قوربانیی ئەشکەنجەدان لە ئێرانن، دەستدرێژیکردنە سەر ژنان لەبەردەم هاوسەرەکانیان، ئەشکەنجەدان و تەقەکردن لە ژنانی دووگیان بەشێکن لە توندوتیژییەکان.

 

ڕێگری لە وەرگرتنی چارەسەری تەندروستی و دەرمان، هەروەها سوکایەتی زەلیلکردن و هەڕەشەی دەستدرێژی سێکسی، فشاری دەروونی و نموونەیەکی ڕوونی ئەشکەنجەدانن بۆ زیندانیانی ژن لە زیندانەکانی ئێران.

 

لەم چوارچێوەیەدا چیرۆکی یەکێک لە ژنانی زیندانیکراوی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕی "ژن جیان ئازادی" لە دیواندەرە دەگێڕینەوە:

 

س.ع، بەم شێوەیە باسی خۆی دەگێڕێتەوە:

 

"لە یەکەم ڕۆژی دوای ناشتنی ژینا ئەمینی لەگەڵ هاووڵاتییانی ئازادیخوازی دیواندەرێ هاتمە سەر شەقام و دروشممان دەوتەوە، هەوڵماندا ناڕەزایەتی لە شەقامەکاندا ئەنجام بدەین، هەرچەندە دەستمان بەتاڵ بووین و هیچ چەک و ئامرازێکمان نەبوو بۆ بەرگریکردن لە خۆمان، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەمان لێکرا و لە هەمان ڕۆژدا، یەکەم شەهیدمان پێشکەش بە ڕێگای ئازادی کرد.

 

زۆر ترسام، بەڵام سەرەڕای ترسم هەر لەسەر شەقامەکە مابوومەوە و تەنها سێ ڕۆژ دوای ئەم ڕووداوە خوێناوییە دەستمان کرد بە یارمەتیدانی بریندارەکان، شەوانە هێرشیان کردە سەر ماڵەکەمان و چاویان بەستم و بە زۆر و بە بەکارهێنانی توندوتیژی زۆر لە دژی خۆم و خێزانەکەم لە ماڵەوە دەریانهێنام.

 

لە کاتی گواستنەوەم بەردەوام لێیان دەدام بۆ ئەوەی سەرم لە ژێر کورسییەکەوە بەرز نەکەمەوە، دواتر دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ٢ کاتژمێر، بردیانمە دەرەوە و من کە ئەوەندە ترسام و لێیاندابووم و بێهۆش بووم، بردیانمە ژوورێکەوە.

 

دوای چەند کاتژمێرێک تێگەیشتم کە لە زیندانی سنەم، خێزانەکەم دوو ڕۆژی تەواو زانیارییان لەسەرم نەبوو، ڕێگەیان پێنەدام بە تەلەفۆن پەیوەندیان پێوە بکەم، لە هیچ شوێنێک کەسی وا ناشیرین و بێڕێزیم نەبینیبوو لە دونیادا ئەوانەی بۆنی خوێنیان دەکرد.

 

لە هیچ نەترسام، بەردەوام هەڕەشە و ئەشکەنجەیان بەرامبەر دەکردم، گێڕانەوەی هەموو ئەو شتانەی بەسەرمدا هاتووە، هێندە لەرزێکم پێدەبەخشێت کە ڕەشایی و زەردەخەنە پیسەکانیان بەردەوام بۆ من ئازاربەخشە، بەڵام هێشتا باوەڕم بە سبەینێیەکی ئازادی هەیە و ڕۆژێک دێت من و کچانی دیواندەرێ و هەموو دونیا بە شێوەیەک لەسەر گۆڕەکانیان سەما دەکەین کە ڕۆحیان دەلەرزێت.

"ژن، ژیان، ئازادی"

 

مێژووی حکوومەتی ئێران پڕە لە دژە ئێرانیزم، دژە کولتوور، شکاندنی قەڵەم و سانسۆر لە بواری فەرهەنگ، ئەدەب و هونەردا، کە ژیانی دەیان نووسەر و شاعیر و لێکۆڵەری ئازادی بیرمەند و ئازادیخوازی بردووە، مێژووی ژن لە قەڵەمی هیچ ژنێکی ئازاد بیرەوە دیار نییە، بەڵام ئەو ڕۆژە نزیکە لە زیندانەکانی ڕژێمە گەندەڵەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا گۆشە دوورەکانی جیهان، ژنان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هاوار دەکەن.