دایکانی ئەفغانی هیچ سنووردارکردنێک قبوڵ ناکەن

بیبی شیرین دەڵێت: هۆکاری ئەوەی حەزم لە کارکردنە لەسەر خاک، ئەوەیە کە ئازادم و لەگەڵ سەوزە و سروشت قسە دەکەم، بە هیچ شێوەیەک ئازادیم لەدەست نادەم.

بەهاران لاهیب

 

کابول- پارێزگای پەروان یەکێکە لە پارێزگاکانی باکووری ئەفغانستان، ئاستی ئابوری خەڵکی ئەم هەرێمە مامناوەندە، چونکە زیاتر پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن و دروێنەی ساڵانەیان بژێوی ژیانیان بۆ ماوەی یەک ساڵ دابین دەکات، ٨-٩ ساڵ لەمەوبەر تورکەکان کارگەیەکی شوکولاتەی توویان لەم ناوچەیەدا دامەزراند، چونکە پارێزگاکە یەکێکە لەو پارێزگایانەی کە دەوڵەمەندە بە درەختی توو و ساڵانە خەڵکی کابول ڕوو لە ناوچەکە دەکەن بۆ کۆکردنەوەی تووەکان.

 

بی بی شیرین، ژنێکی ناوچەکەیە و لە کێڵگەکەیدا لۆبیای چاندووە، لە لایەکی دیکەشەوە باخچەیەکی گەورەی پڕ لە داری توو هەبوو، دایکە بیبی شیرین پێی گوتین: پێش تاڵیبان، تورکەکان کارگەیەکی شوکولاتەیان لە نزیک ئێمە دامەزراندبوو، هەموو تووەکانیان لە ئێمەی جووتیاران دەکڕی، ئێمەش داهاتێکی باشمان هەبوو، لە هەمان کاتدا، زۆرێک لە پیاوەکانمان سەرقاڵی کارکردن بوون لەوێ، بەڵام لەگەڵ دەسەڵات گرتنەدەستی تاڵیبان کارگەکە نەما و کەس نییە توو بکڕێت، تەنها کاتێک وشک دەبێتەوە بە بازاڕ دەیفرۆشین، داهاتێکی باشتریشمان دەست دەکەوێت لەوەی کە تازە بێت.

 

بیبی شیرین دەشڵێت: کاتێک تاڵیبان هاتنە ناو ناوچەکانمانەوە، بە هەموو پیاوەکانمانیان گوت کە ژنەکانتان چیتر مافی ئەوەیان نییە لە ماڵەوە بچنە دەرەوە بۆ ئەوەی کار لەسەر زەوییەکە بکەن، هەرچەندە پیاوەکانمان لەگەڵ قسەکانیان ناکۆک بوون، بەڵام کاتێک پێیان گوتین، قبوڵمان نەکرد و لە هەموو کاتێک زیاتر کارمان لەسەر زەوی و زارەکانمان کرد، چونکە ئەستەمە بۆ ئێمە ئەم ئازادییە لەدەست بدەین.

 

تاڵیبان جوتیارانی ئەو ناوچانەیان ئاگادار کردووەتەوە، کە مافی ئەوەیان نییە بەروبووم لەسەر زەویەکانیان بچێنن، چونکە دەترسن ئەو خەڵکەی ڕقیان لێیانە لە کێڵگەکاندا خۆیان بشارنەوە، بەڵام خەڵک گوێ لێیان ناگرێت و دەڵێن، "تاڵیبان مافی ئەوەی نییە دەوری گوندەکانیان بدات"

 

بیبی شیرین لە کۆتاییدا وتی: کارکردن لەسەر زەوی ماندووکارە، بەڵام من پێم خۆشە، من و کچەکانم چەندین کاتژمێر کار دەکەین، هۆکاری ئەوەی کە حەزم لە کارکردنە لەسەر زەوییەکە ئەوەیە، کە ئازادم و لەگەڵ سەوزە و سروشت قسە دەکەم، بە هیچ شێوەیەک ئازادیم لەدەست نادەم.