کۆنگرەی سێهەمی بزووتنەوەی لاوانی مەخموور دەستی پێکرد

کۆنگرەی سێهەمی بزووتنەوەی لاوانی مەخموور لە کامپی پەنابەرانی مەخموور بە دروشمی "بە ڕۆحی گەنجانی ئاپۆ، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک تێدەپەڕێنین" دەستیپێکرد.

مەخموور

 

کۆنگرەی سێهەمی بزووتنەوەی لاوانی مەخموور، لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی '' مەخموور'' بە دروشمی ''بە ڕۆحی گەنجانی ئاپۆ، بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک'' تێدەپەڕێنین دەستیپێکرد، لە کۆنگرەکەدا ١٥٠ نوێنەر لە ناوەندی لاوان بەشداریان تێداکرد، ناوەندی لاوان بە نووسراوەکانی وەک ''ئەستەمە ڕێگری لەو گەنجانە بکرێت کە بەرەو ئازادی دەڕۆن''، ''ژن لە خۆیدا گەردوونێکە''، ''ژنانی گەنج بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ و بونیاتنانی ژیانی کۆمەڵایەتین''، ''ئێمە بە ڕێکخستنی خۆمان سەرکەوتن بەدەست دەهێنین''،  وێنە و پۆستەری شەهیدانیان ڕازاندبۆوە.

 

پێش دەستپێکردنی کۆنگرەکە، ئامادەبووان خولەکێک بۆ شەهیدانی ئازادیی کوردستان وەستان، پاشان وتاری دەستپێکی کۆنگرەکە لەلایەن سیپان یامان وتەبێژی بزووتنەوەی لاوان پێشکەشکرا.

 

''دەبێت لە هەموو شوێنێک خۆمان ڕێکبخەین''

سیپان یامان باسی لە ڕۆڵی گەنجان لە پڕۆسەی ''کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک'' کرد و وتی: لە پرۆسەیەکی وادا بەستنی کۆنگرەی لاوان گرنگییەکی تایبەتی هەیە، بەتایبەتی دوای ئەو پڕۆسەیەی کە دەستی پێکردووە، بەرپرسیارێتی زیاتر دەخاتە سەر شانی گەنجان و سەرکردایەتی، هەروەها گەنجان دەبێت خۆیان لە هەموو شوێنێک ڕێکبخەن، بۆ ئەوەی ئێمە دەنگی سەرکردایەتی بین و بتوانین لە پرۆسەی ''ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک'' وەک گەنج ڕۆڵی خۆمان ببینین''.

 

دوای وتارەکە  دیدگاکانی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خوێندرایەوە، پاشان پەیامی بزووتنەوەی لاوان خوێندرایەوە، پاشان کۆنگرە بە خوێندنەوەی ڕاپۆرتی کار و چالاکییەکانی بزووتنەوەی لاوان بۆ ماوەی دوو ساڵ بەردەوام بوو، هەروەها کۆنگرەکە تەنها یەک ڕۆژ بەردەوام دەبێت.