کەژەکە: دەبێت ژنان خاوەنداری لە زمان و داهاتووی خۆیان بکەن
لە دژی سنووردارکردنی زمانی کوردی لە پڕۆسەی پەروەردەدا، کۆردیناسیۆنی کەژەکە بانگەوازیی ئاڕاستەی گەلی ڕۆژئاوا و بەتایبەتی ژنان کرد کە دەستکەوتەکانی شۆڕشی ڕۆژئاوا بپارێزن و ڕێگە بە هیچ جۆرە سەپاندنێکی ئاسیمیلاسیۆن نەدەن.
ناوەندی هەواڵ
لە شارەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی کاتیی سووریا لە ۲۷ی ئابدا بڕیاری خۆی سەبارەت بە جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ژمارە ۱۳ ڕاگەیاند، ناڕەزایەتییەکانی گەل، خوێندکاران، مامۆستایان و بەتایبەتیش ژنان ڕۆژانە ڕوو لە زیادبوون دەکەن. لەم بڕیارەدا زمانی کوردی تەنها لە سێ وانەدا سنووردار دەکرێت، ئەمەش وەک هێرشێکی ئاشکرا بۆ سەر بوون و کلتووری گەل دەبینرێت.
کۆوردیناسیۆنی کۆمەڵەی ژنانی کوردستان "کەژەکە" ڕاگەیاندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە هەوڵێکە بۆ پووچەڵکردنەوەی دەستکەوتەکانی گەل و ڕوانگەیەکە بۆ سڕینەوە.
پێناسەی زمانی نەتەوەیی دەبێت ببێتە زمانی فەرمی
کەژەکە لە دەستپێکی ڕاگەیاندراوەکەیدا تیشکی خستە سەر سنووردارکردنی زمانی کوردی بۆ چەند کاتژمێرێک و تێیدا هاتووە:
بەم بڕیارە لەگەڵ ئەوەی کوردی وەک زمانێکی نەتەوەیی پێناسە دەکرێت، لە پەروەردەدا کوردی تەنها بۆ چەند وانەیەکی سێ-چوار کاتژمێریی لە هەفتەیەکدا سنووردار کرا. گەلی کورد لە سووریا دووەم گەورەترین نەتەوەیە، بۆیە هەڵسەنگاندنی مافی پەروەردە بە زمانی دایک بۆ گەلی کورد بەم شێوازە بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە. پێناسەی زمانی نەتەوەیی بە واتای زمانی فەرمی دێت و لە هەمان کاتدا دانپێدانانی پێگەی فەرمیی زمانی دایکە. ئەوەی کە هم زمانی نەتەوەیی پێ بوترێت و هەم لە پێگەی زمانی فەرمیدا نەبینرێت، بەپێچەوانەی یاسا و ڕاستییەکانی ژیانە.
مافی زمانی دایک مافێکی حیاتییە و جێگەی گفتوگۆ نییە
کەژەکە ئاماژەی بەوەکردووە کە زمانی دایک بریتییە لە ناسنامە، کەسایەتی، مێژوو و نەریتی گەلێک لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە:
هەر کۆت و بەندێک لە بەرامبەر زمانی دایکدا دابنرێت، جگە لە هەوڵدان بۆ دابڕاندنی مرۆڤ لە کەسایەتی و هۆشیاریی خۆی هیچ واتایەکی دیکەی نییە. ئاخاوتن، پەروەردە و مافی ژیان بە زمانی دایک مافێکی حیاتییە کە هەرگیز نابێت ببێتە جێگەی گفتوگۆ و دانوستاندن. ئەم ڕێکارە تەنها لە دژی گەلی کورد نییە، بەڵکو بە واتای ئاستەنگکردنی تێکۆشانی بیناتنانی سووریایەکی دیموکراتیش دێت کە هەموو گەلان و ناسنامەکان بە ڕەنگی خۆیان تێیدا بەشدار بن.
گەلی ڕۆژئاوا بێناسنامەیی درڕاند و فڕێیدایە لاوە
دوای ئەوەی ڕێبەر ئاپۆ لە ساڵی ۱۹۷۹دا پەڕییەوە بۆ ڕۆژئاوا، هەموو شتێکی خستە خزمەت تێکۆشانی ئازادییەوە و لە کۆتاییشدا بە شۆڕشی ڕۆژئاوا بێناسنامەیی دڕاند و فڕێیدایە لاوە. گەلی ڕۆژئاوا نزیکەی ۱۲ ساڵە لە قوتابخانەی سەرەتاییەوە تا زانکۆ کارەکانی پەروەردەی بەڕێوەبردووە، هەزاران منداڵ و گەنجی پێگەیاندووە و بە جیهانی نیشاندا کە پەروەردەی دووزمانە دەوڵەمەندییەکی گەورەیە.
دەبێت ژنان و دایکان ئەم سەپاندنە قبووڵ نەکەن
کەژەکە لە کۆتایی ڕاگایەندراوەکەیدا بانگەوازیی ئاڕاستەی تەواوی گەل و بەتایبەتی ژنان و دایکان کردو وتی: دەبێت گەلی ئێمە لە ڕۆژئاوا بە هیچ شێوەیەک ئەم سەپاندنە قبووڵ نەکات و ناڕەزایەتیی ڕەوای خۆی لە هەموو شوێنێک دەربڕێت. بەر لە هەموو کەسێک دەبێت ژنان و دایکان ئەم بارودۆخە هەرگیز قبووڵ نەکەن و لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا بوەستنەوە کە ئاستەنگ لەبەرامبەر پێشکەوتنی منداڵ و گەنجەکانیان دروست دەکات و داهاتوویان تاریک دەکات. ڕۆژ ڕۆژی ئەوەیە ڕێگە نەدرێت دەستکەوتە بەدەستهاتووەکان لەدەست بچن. بە ناوی KJKوە لە کەسایەتیی 'کۆنگرا ستار'دا ڕێز و سڵاو ئاڕاستەی ئەم بەرخۆدانە ڕەوایەی ژنان و گەلەکەمان دەکەین و بانگەواز دەکەین تا سەرکەوتن ئەم تێکۆشانە بە بەهێزی بەڕێوەببرێت.