کۆنگرەی ستار: دەبێت لە دژئ سیاسەتی قڕکردن تێکۆشان گەورە بکەین
کۆنگرەی ستار دژی پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو داوای لە ژنان و گەل کرد لە دژی سیاسەتی قڕکردن تێکۆشان گەورە بکەن.
ناوەندی هەواڵ
لە ٨ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا لەلایەن دادوەری کوژراوی ئێران عەلی ڕەزاینی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ژنە چالاکوانی کورد پەسەند کرا.
تادێت بڕیاری سزای لەسێدارەدان لەدژی ژنە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی کورد پەخشان عەزیزی زیاتر دەبێت، کۆنگرەی ستار سەبارەت بەو بڕیارە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە:ڕژێمی ئێران کە عەقڵییەتی دیکتاتۆری هەیە بەردەوامە لە سیاسەتی سەرکوتکەرانە بەرامبەر ئازادیی ڕادەبڕین و ئەو کەسانەی دژی سیاسەتی وڵات و نادادپەروەرییەکان دەوەستێتەوە و بەتایبەتی بەرامبەر بە ژنان.
ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیاری لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی ڕوخساری ئابڕووبەرانەی واقیعی ڕژێمی ئێرانە کە دەیەوێت قەیرانە دەرەکییەكانی بەم كارانە پەردەپۆش بکات.
ئاماژە بەوەکراوە، پەخشان عەزیزی سیمبولی ئەو ژنانەیە کە تێدەکۆشن لە دژی چەوساندنەوە، هەروەها چالاکییەکانمان بەردەوام دەبن تا هەڵوەشاندنەوەی سزای لە سێدارەدان و کۆتایی هێنان بە سیاسەتی قڕکردنی ژنان.
پەخشان عەزیزی لە ٤ی ئابی ٢٠٢٣بە تۆمەتی یاخیبوون لە حکومەتی ئێران و تۆمەتی بێ بنەمای دیکە لە ناوچەی حەرازی تاران ڕاگیرابوو و لە ١١ی کانوونی دووەمی هەمان ساڵ دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی ٢٣ی کانوونی دووەم ئازاد کرا. لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٤، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.