کۆنفیدراسیۆنی کرێکاران داوای ئازادیی یوکسەل کۆچ دەکەن
کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی تورکیا لە ئەورووپا "ATÎK" زیندانیکردنی یوکسەل کۆچی شەرمەزار کرد و داوای ئازادکردنیان کرد، داوای کرد هەموو هێزە دیموکراتیکەکان هەڵوێست وەربگرن و خاوەنداری لە یوکسەل کۆچ بکەن.

ناوەندی هەواڵ
کۆنفیدراسیۆنی کرێکارانی تورکیا لە ئەورووپا "ATÎK" بە ڕاگەیاندراوێک زیندانیکردنی سیاسەتمەداری کورد یوکسەل کۆچی شەرمەزار کرد، کە پاش هەڵکوتانەسەر ماڵەکەی لە شاری برێمەنی ئەڵمانیا خرایە زیندان.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، “دەستبەسەرکردنی یوکسەل کۆچ بەشێکە لە هەڵوێستی دوژمنکارانەی دەوڵەتی ئەڵمانیا بەرامبەر تێکۆشانی دیموکراتیکی کوردان.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە یوکسەل کۆچ وەک سیاسەتمەدارێکی کورد هەردەم بووەتە ئامانجی دەوڵەتی تورک و چەند ساڵێک پێش ئێستە تیمێکی میت بۆ تیرۆرکردنی نێردرابوو، بەڵام لە دوا ساتەکاندا ئەم پلانە ئاشکرا کرا.
دووپاتیکردەوە، دەوڵەتی ئەڵمانیش بۆ ماوەیەکی زۆر دۆسیەی دژی یوکسەل کۆچ کردەوە، وتی: یوکسەل کۆچ لە تێکۆشانی ڕێکخستنی کوردان لە ئەڵمانیا ڕۆڵێکی مەزنی گێڕاوە. ساڵانێک لە بەڕێوەبردنی فیدراسیۆنەکانی ئەڵمانیا بەشداربووە و پاشان لە بەڕێوەبردنی کەجەدەکە_ئە بەشداربووە، بۆ ماوەیەک وەک هاوسەرۆکی کەجەدەکە_ئە کاری کردووە.
لە کۆتاییدا ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: زیندانیکردنی یوکسەل کۆچ شەرمەزار دەکەین، بانگەواز لە هەموو هێزە دیموکراتیکە خۆجێی و کۆچبەرەکان دەکەین، دژی ئەم کارە هەڵوێست وەربگرن و خاوەنداری لە یوکسەل کۆچ بکەن”.