ئیلهام ئەحمەد: هەتەشە تاکڕەوانە بڕیاردەدات و بەشداری بە گەلان ناکات

ئیلهام ئەحمەد دەڵێت: دەبێت سیستمە ئەمنی و ئابووری و پەروەردەییەکان ببنە خۆجێی، پاش ڕووخانی بەعس لە سووریا هێشتا کێشەکان چارەسەر نەبوون و هەتەشە تاکڕەوانە بڕیاردەدات و بەشداری بە گەلان ناکات.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆنفرانسی “پرسی کورد و پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بەردەوامە، لە کۆنفرانسەکەدا هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئیلهام ئەحمەد قسەی کردو ڕایگەیاند پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس، کێشەی ئابووری فشاری سەر ژنان زیاتربوون و چارەسەر نەبوون، سووریا لەبەردەم ئەگەری شەڕی ناوخۆیی و قەیرانی مەزندایە، لەگەڵ ئەوەشدا، هەتەشە تاکڕەوانە بڕیاردەدات و بەشداری بە گەلان ناکات.

 

ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاند ئەگەر دامەزراوەکانی دەوڵەت هەموارنەکرێنەوە، لە ڕۆژانی ئایندەدا گەل و باوەڕەکان ڕووبەڕووی مەترسی گرووپە جیهادییەکان و چەتەکانی داعش دەبنەوە، دووپاتی کردەوە، ئەگەر ئیدارەی سووریا پێداگربێت لەسەر مەرکەزییەت، ئەوا مەترسی شەڕی ناوخۆیی هەیە و پێکهاتەکان بڕیاری سەربەخۆ دەدەن.

 

ئیلهام ئەحمەد ئاماژەی بەوە کرد چەندین دەوڵەت گەمارۆیان لەسەر سووریا هەڵگرتووە، چاوەڕێ دەکەن ئیدارەیەکی دیموکراتیک دابمەزرێت کە هەمووان بگرێتەخۆ، بەڵام فشاری چەتە جیهادییەکان بۆ سەر ژنان زیاتر بووە و مافی ژنان پێشێل دەکرێت، جەختی کردەوە کە مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری چارەسەرە بۆ هەموو کێشەکانی سووریا.

 

ئیلهام ئەحمەد تیشکی خستەسەر کۆبوونەوەکان لەگەڵ ڕژێمی دیمەشق، ڕایگەیاند دەبێت سیستەمە ئەمنی و ئابووری و پەروەردەییەکان ببنە خۆجێی، دووپاتیکردەوە، ناکرێت بگەڕێنەوە بۆ سیستەمی ڕژێمی بەعس و دەبێت سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەری دابمەزرێت. مەترسی داعش هێشتا ماوە، هێزی هەرە گرنگ بەرامبەر ئەم مەترسییە تەنها هێزەکانی سووریای دیموکراتیک (قەسەدە)ـیە.

 

ئیلهام ئەحمەد جەختی کردەوە، ئەو پرۆسەیەی کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێ کردووە، کاریگەریی لەسەر ئەوان و هەرێمەکە دەکات، ڕوانگەکانی ڕێبەر ئاپۆ گرنگن و دەبێت کێشەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ چارەسەر بکرێن.

 

هەروەها جەختی کردەوە، دەبێت پاش کۆنگرەی ١٢ هەمینی پەکەکە، هەنگاوی یاسایی و دیموکراتیک بنرێت و پرۆسەی ئاشتی بەگوێرەی چوارچێوە یاساییەکان بەردەوام بن.