کەمپەینی یەکڕیزی ژنان دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق ناڕەزاییان دەربڕی

کەمپەینی یەکڕیزی ژنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە بەشداری ژنانی ئازادیخواز دەنگی خۆیان دژی هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراق دەربڕی.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ ١٧ی ئاب، لە بارەگای پارتی سەوزی کوردستان لە شاری سلێمانی، دژی هەوڵدان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩ی عێراق، لە لایەن ژنانی کەمپەینی یەکڕیزی ژنان و ژنانی چالاکوانەوە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجام درا، تێیدا ئاماژەیان بە خراپی یاساکە بەرامبەر ژنان کرد، کە لە یاساکەدا سەرجەم کێشە کۆمەڵایەتییەکان و توندوتیژییەکان دژی ژنان ڕێگەی پێدەدرێت، بەڵام ئازادیخوازان بەردەوام لە هەوڵدا دەبن دژ بە هەموار کردنەوەی یاساکان.

 

"هەموارکردنەوەی یاساکان کەلێن دەخاتە مافی ژنان و منداڵانەوە"

لە کۆنگرەکەدا بەیاننامەکە لە لایەن شەیدا مەعروف، ئەندامی سەرکردایەتی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان خوێندرایەوە تێیدا ئاماژە بەوەکرا، هەموارکردنەوەی یاساکان دژی ژنان و منداڵان کار دەکات، ئێمەی ژنان پێویستە بەر بە کێشە کۆمەڵایەتییەکان و توندووتیژییەکانی ژنان و منداڵان بگرین، هەموارکردنەوەی یاساکان کەلێن دەخاتە مافی ژنان و منداڵانەوە، بۆ ڕێکخستنەوەی دۆخی کۆمەڵایەتی و چارەسەری کێشەکان پێویستە بەرنامەی یاسایی دابڕێژین، لە هەموارکردنەوەی یاساکاندا ژنان نەک بەرەوپێشچوون نابینین بەڵکو ژنان دەگەڕێنێتەوە بۆ شەش دەیە پێش ئێستا.

 

"یاساکان دژی ژنان کار دەکەن"

هەروەها کەژاڵ عەبدولقادر، چالاکوانی ژنان بەیاننامەیەکی دیکەی خوێندەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەکرد، ژنانی ئازادیخواز لە هەر جێگایەک بن پێویستە دژی هەموارکردنەوەی ئەم یاسایە هەڵوێستی خۆیان ڕابگەیەنن، هەبوونی یاساکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دژی ئازادی ژنان کاردەکەن، بەرەنگار بوونەوەی ئەم یاسایە ئەرکی ژنە،  ئەم یاساییە ئەگەر بکەوێتە بواری جێبەجێکردن دەسەپێت بەسەر هەرێمی کوردستانیش، هەرچی ئەو دەسکەوتانەی کە هاتونەتە بەرهەم بە هەوڵ و تێکۆشانی ڕێکخراوەکانی ژنان، چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ و ئازادیخوازان هەمووی لەبار ئەبرێت و توندوتیژییەکان قوڵتر دەبنەوە و خێزانەکان ڕووبەڕووی مەترسیەکی گەورە دەبنەوە، جگە لەوە کۆمەڵگە بەرەو تونێلێکی تاریک و نادیار دەبات.

 

ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا دەسەپێندرێت، ئێمەی ژنان لە جیهاندا بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" بەرخۆدانمان کرد، بەڵام ئەقڵیەتی پیاوسالاری وای لە ژنان کردووە لە ڕۆژهەڵاتدا دەنگی ئازادیان نەبێت بۆ ئەو مەبەستەش لە سێدارە دەدرێن.

 

لە کۆتایدا ڕایگەیاند، داواکارین لە هاوڵاتیان و خەمخۆرانی ژنان دژی هەبوونی یاساکان ناڕەزایی دەرببڕن، تەواوی ژنان بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو بڕیارانەی لە لایەن ئەقڵیەتی پیاوسالارییەوە بەسەر ژناندا دەسەپێندرێت، یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن.