ئیتلاعاتی ئێران فشار لە کەسوکاری زیندانیان دەکات

سیروان شاولەی هاوژینی جەلال سەدەفی زیندانییکراو لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بانگهێشت کراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە دەستبەسەرکردن و بانگهێشتکردنی بنەماڵەیەکی کورد لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، ڕایگەیاند، دوێنێ، سیروان شاولەی هاوژینی جەلال سەدەفی زیندانییکراو لە لایەن بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهابادەوە بانگهێشت کراوە و بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک خراوەتە بەر لێپرسینەوە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، سیروان شاولەی لە لایەن هیزەکانی هەواڵگری ئیتلاعاتی مەهاباد لە کاتی لێپرسینەوە هەڕەشەی دەستبەسەرکردنی لێ کراوە.

 

جێگای ئاماژەیە، لە ١٥ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤ جەلال سەدەفی لە شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاوڵاتییان و چالاکوانانی کورددا لە ماڵەکەی خۆی لە مەهاباد لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بەبێ مۆڵەتی یاسایی دەستبەسەر کرا و گوازرایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، بە درێژایی ئەو ماوەیە لە مافی دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش کراوە.