هێزەئەمنییەکان لە ساڵیادی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" بڵاوکراوەتەوە

لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی تیرۆرکردنی "ژینا ئەمینی" شاری پیرانشار ژمارەیەکی زۆر سەربازی لێ بڵاوکراوەتەوە، گرتن و هەڕەشەی هاووڵاتیان بەشێوەیەکی بێ وێنە زیادی کردووە.

ڕوناک حسێنی

 

پیرانشار- هاوکات لەگەڵ ساڵیادی لە دایکبوونی "کومار دەرەفتادە" و نزیکبوونەوەی ساڵیادی کوشتنی "ژینا ئەمینی"، پیرانشار بەتەواوەتی میلیتاریزە دەکرێت و ڕۆژانە چالاکوانانی مەدەنی و هاووڵاتییان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەسبەسەردەکرێن و هەڕەشەیان لێدەکرێت.

 

باران "ناوی خوازراو"، یەکێکە لە چالاکوانانی مەدەنی دانیشتووی شاری پیرانشار، سەبارەت بە دۆخی شارەکە وتی: " دوای ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" ساڵی ڕابردوو، پیرانشار کەوتۆتە ژێر چاودێرییەکی بەرفراوانی هێزە نیزامی و ئەمنییەکانەوە، دەروازەکانی چوونە ژوورەوەی شارەکە بە بازگەکانی سوپای پاسداران میلیتاریزەکراون و کامێرای چاودێری بۆ زۆرینەی گۆڕەپان و گەڕەکەکانی شارەکە زیاد کراوە."

 

هەروەها باران سەبارەت بە بارودۆخی ژنان و خەباتی مەدەنییان وتی: "هەر ژیانێکی ئاشتیخوازانە و ئازادی تاکەکەسی لەلایەن ڕژێمی ئێران بە تاوان دادەنرێت، ئێستا ژنان بۆ یەکێک لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان واتە مافی پۆشینی جلوبەرگ دژی ڕژێمی ئێران خەبات دەکەن، ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێ لەلایەن ژنانەوە بۆتە هێمای خۆڕاگری لە بەرامبەر کاردانەوەکانی ڕژێم."

 

سەبارەت بە فشارخستنە سەر چالاکوانانی مەدەنی و دەستگیرکردنی بەرفراوان وتی: " ساڵی ڕابردوو زۆرێک لە هاووڵاتیان تەنها بەهۆی بەشداریکردن لە کۆبوونەوە گشتییەکان یان چالاکییەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بانگهێشتی بەڕێوەبەرایەتییە ئەمنییەکان کرابوون، لەوێ ڕووبەڕووی کەیسی ئەمنی بوونەتەوە، ئێستا پێش ساڵڕۆژی شۆڕشی ژینا ئەمینی ئەگەری ئەنجامدانی گردبوونەوەی ناڕەزایەتی هەیە، هێزە ئەمنییەکان پەیوەندی بە ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییانەوە دەکەن و داوایان لێدەکەن بەڵێن بدەن کە بەشداری ئەو گردبوونەوانە نەکەن، لە ڕۆژانی نزیکبوونەوەی ڕۆژی لەدایک بوونی "کومار دارەفتادە" و ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی "ژینا ئەمینی"، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بانگهێشتی ئیدارە ئەمنییەکان کراون بۆ ئەوەی بەڵێن بدەن کە بەشداری ڕێوڕەسم و کۆبوونەوەکان نەکەن، هەروەها لەم دواییانەدا دەستگیرکردنی هاووڵاتیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون."

 

باران هەروەها سەبارەت بە دەستبەسەرکردنی ئەو بنەماڵەیە و پێشگرتن لە ئاهەنگی لە دایکبوونی "کومار درافتەدە" لە قوربانیانی ڕاپەڕینی شۆڕشگێڕانەی ساڵی پار و وتی: " ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیانی پیرانشارمان ئامادە کردووە بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی لە دایکبوونی "کومار دارەفتادە" هەواڵەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، هێزە ئەمنییەکان هەموو ئەندامانی بنەماڵەی کوماریان لە بازگەکەدا دەستگیرکردووە کاتێک لە پیرانشار بەرەو گوندی "زیوکە" کە گۆڕی کوماری لێیە بەجێهێشتووە، لە ڕێگای مەزاردا چەند ئۆتۆمبێلی هێزی یەکپۆشی هەیە بۆ ڕێگریکردن و ڕاگرتنی هاووڵاتیان و هێزە ئەمنییەکانیش بەم فشار و دەستگیرکردنانە ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونی مەراسیمی لەدایکبوونی کومار کردووە."