حەوتەمین ساڵیادی ئازادکردنی مەنبج پیرۆزکرا

لە شاری مەنبج لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، حەوتەمین ساڵیادی ئازادکردنی شارەکە پیرۆزکراو ئاهەنگێک لەو گۆڕەپانەدا بەڕێوەچوو کە بووەتە شوێنی تاوانی دڕندانە دژی ژنان.

 

مەنبج- بە هەزاران کەس لە خەڵکی مەنبج شەوی ڕابردوو بە دروشمی "ئێمە یەکگرتوویی و دەستکەوتەکانی خۆمان تیرۆرمان نەهێشت، دەستکەوتەکانمان بەدەست دەهێنین و خاکەکەمان ئازاد دەکەین" ئاهەنگی حەوتەمین ساڵیادی ئازادکردنی شارەکەیان لەدەست چەتەکانی داعش گێڕا، ئاهەنگەکە لەو ناوچەیە بەڕێوەچوو کە داعش تاوانی دژ بە ژنانی شارەکەی تێدا ئەنجام دەدا.

 

 

لە ئاهەنگەکەدا هەموو پێکهاتەکان جلوبەرگی کولتوورییان لەبەر کردبوو، حەیات سەلام، ئەندامی هێزی پاراستنی گەلی مەنبج وتی: هەتا گەیشتینە ئەمڕۆ، قوربانی زۆرمان داوە، سەدان کەس گەیشتوونەتە ئاستی شەهیدبوون، ئەم ساتانەی تێیدا دەژین، لە ئەنجامی خەباتی گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و قوربانیدان و یەکگرتووییە، ئەمڕۆ ئێمە هیوای شەهیدەکانمان بەدی دەهێنین، بەم شێوەیە بەردەوام دەبین لە خەباتمان.

 

"وەک لەدایکبوونێکی نوێ دەیبینین"

 

 

سیهام حەموا، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی دیموکراتیکی بەڕێوەبەرایەتی شارستانی و ژیانی ناوچەی بیابانی مەنبج وتی: ئەم ڕۆژە مێژووییە وەک لەدایکبوونێکی نوێ بۆ شاری مەنبج دەبینین، ژنانی شەڕڤان ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لە شەڕی دژی داعش، ژنان لە کۆیلایەتی ڕزگارکراون و ئەمڕۆ ئەم ئاهەنگە بۆ ئێمە زۆر گرنگە.

 

"ئازادی شادیی گەڕایەوە"

 

 

سیهام داود، سکرتێری گشتی پارتی داهاتووی سوریا وتی: ئەم شارە مۆدێلێکە بۆ پێکەوە ژیان لە زۆر پێکهاتەی کولتووری جیاوازدا، لە دژی زوڵمی داعش گەل پشتیوانییەکی زۆری کردووە، لە مەنبج شادی ئازادی گەڕایەوە و شارەکە بنیادنرایەوە و بەو یەکگرتووییە ڕێکخرا.

 

بوتینە حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی مەنبج لە پارتی داهاتووی سوریا وتی: ئەو ناوچەیەی کە ئاهەنگەکەی تێدا بەڕێوەچوو ئەو شوێنە بوو کە ژنان لە سێدارە دران لەو کاتەی داعش شارەکەی داگیرکرد.