وریشە مورادی لە دژی سزای لەسێدارەدان بۆ ماوەیەکی نادیار دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد

وریشە مورادی، چالاکوانی مافی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار لە هەمان کاتدا لەگەڵ ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی سزای لەسێدارەدان، بۆ ماوەیەکی نادیار دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٠ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، وریشە مورادی، چالاکی مافی ژنان و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار کە بە "یاخیبوون" تۆمەتبار کرابوو، لە ڕۆژی جیهانی دژ بە سزای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران و نادیار بوونی چارەنووسی خۆی کە لە بەندی ژنانی زیندانی ئەڤییندایە بۆ ماوەەیەکی نادیار دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد.

 

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ٣١ تەمووزی ٢٠٢٣ لە لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و لەو کاتەدا لە دەستبەسەرییەکی نادیاردایە و وریشە مورادی و دوای ٢ هەفتە لێپرسینەوە لە ئیتلاعاتی سنە بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین گوازرایەوە. لەو ماوەیەدا بۆ دانپێدانانی زۆرەملێ گوشار و ئەشکەنجەی بەرکەوتووە و دواجار دوای پێنج مانگ، لە ٢٥ کانوونی یەکەم، دوای تەواوکردنی پڕۆسەی لێپرسینەوە، لە دەستبەسەرکردنی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە گواسترایەوە بۆ بەشی ژنانی زیندانی ئەڤین.

 

ڕۆژی شەممە، ٥ تشرینی یەکەم ٢٠٢٤، دانیشتنی دادگای ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی ١٥ی دادگای ئینقلابی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵواتی بەڕێوەچوو. لەم دیدارەدا وریشە مورادی و پارێزەرەکانی بۆیان نەبوو بە شێوەیەکی زارەکی بەرگری لە خۆیان بکەن و بەرگریکردنەکە بە نووسراو خرایە ڕوو. پارێزەرەکانی کە پێشتر ڕەتکرابوونەوە لە خوێندنەوەی دۆسیەکە، دوای کۆبوونەوەکە توانیان بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک پشکنینی بۆ بکەن.