"هزری عەبدوڵا ئۆجالان سەبارەت بە دیموکراسی و پێکەوە ژیانی جیاوازیەکانە"

هەرچەندە سیستمە سەرمایەداریەکان هەوڵیان دا ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان بە ئامانجبگرن و لە جیهانی داببڕن؛ بەڵام بیرو فەلسەفەکەی لە هەموو جیهاندا بڵاوبووەتەوە، بیرۆکە و شیکارییەکانی وەک چارەسەرێک بۆ قەیرانەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان سەیر دەکرێن.

 

 ماڵڤا موحەمەد

 

 ناوەندی هەواڵ- سەحەر حەسەن، توێژەر و مێژوونووس ئاماژەی بەوەدا کە زۆرێک لە تەڤگەرەکانی ژنان بیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان وەردەگرن و خۆیان ڕێکدەخەن و گروپەکانیی خۆیان دادەمەزرێنن وەک بەدیلێک بۆ سیستمی دەسەڵاتی پیاوسالاری و ستەمکار، ئەم دۆخە نیشان دەدات کە مۆدێلی دیموکراسی و بەشداریکردن بۆ ژنان پەرەی سەندووە.

 

 بە درێژایی مێژوو بیرمەندان و نووسەران و فەیلەسوفە لیبراڵەکان کراونەتە ئامانج بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ بەرەوپێشبردنی زانست و دەربڕینی بیرۆکەکانیان بۆ ئازادی، ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان یەکێکە لەوانە، کە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی هەموو لایەک چەندین بیرۆکە و تیۆری دەربڕیوە.

 

 سەحەر حەسەن، لەسەر ئەو پرسیارەی کە بۆچی بیرمەندان و فەیلەسوفەکان دەکرێنە ئامانج، ئاماژەی بەوەدا کە ئەمە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ڕژێمە پاوانخوازەکان و پڕۆسەکانی گۆڕانکارییەوە هەیە لە کۆمەڵگاکاندا و وتی: فەیلەسوفەکانی خاوەن بیرۆکەی ئازاد زۆرجار هەڕەشەن بۆ سەر ئیدارە ستەمکارەکان یان چینە نوخبەییەکان چونکە بیروبۆچوونەکانیان لەگەڵ چەمکەکانی مافی مرۆڤدا دەگونجێت، بەرگری لە دادپەروەری و یەکسانی دەکەن و بەمجۆرە دەسەڵاتی دەسەڵاتدارانی ئیدارەکان بە تایبەتی لە ترسی لەدەستدانی کۆنترۆڵی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا، هەوڵدەدەن ڕێگری لەم بیرۆکانە بکەن.

 

 'فەیلەسوف و بیرمەندان هەمیشە ئامانجی ئەو کەسانە بوونە کە لە دەسەڵاتدان'

سەحەر حەسەن ڕایگەیاند کە بە درێژایی مێژوو فەیلەسوف و بیرمەندان لەگەڵ دۆگمای ئایینی و کۆمەڵایەتیدا ململانێیان کردووە و لە ئەنجامدا بە 'لاڕێدان' و 'کافر' و بە مەترسیدار بۆ کۆمەڵگەکان دادەنرێن، سەحەر باسی لەوەش کرد کە لە ئەنجامدا بیرمەندان یان گیراون، یان بێدەنگ کران یان کوژران و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: دەسەڵاتە ستەمکارەکان بە کەڵک وەرگرتن لە کەرەستەی ڕاگەیاندن و پڕوپاگەندە بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی فەیلەسوفەکان، وەک 'خیانەتکار' یان 'مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی' وێنایان کراوە، بەم شێوەیە دەیانویست ڕێگری بکەن لە پشتیوانیکردنی خەڵک و بڵاوبوونەوەی بیرۆکەکانیان.

 

'سیاسەتمەدارەکانی وەک عەبدوڵا ئۆجالان دەکرێنە ئامانج، چونکە کۆمەڵگەکان بەئاگا دێننەوە'

سەحەر حەسەن باسی لەوەش کرد کە لە سەردەمی مۆدێرن دا ئەو بیرمەندانەی خەبات بۆ ئازادی گەلان دەکەن دەکرێنە ئامانج، چونکە هەڕەشە لە دەوڵەتە گەورەکان و بەرژەوەندییە ناوچەییەکانیان دەکەن و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: لە ڕێگەی دەربڕینی بیرۆکەکانیان کە دژی دەوڵەتە گەورەکانە، سیاسەتمەدارانی وەک عەبدوڵا ئۆجالان یان لە ڕووی سیاسییەوە لەناویان دەبەن یان لە ڕووی فیزیکییەوە گۆشەگیرییان دەکەن، چونکە سیاسەتمەداران دەبنە هۆی ئەوەی کۆمەڵگە زیاتر هۆشیار بێت، خەڵک بە وردی داوای گۆڕانکاری لە حکومەتەکان دەکەن، بۆیە هەوڵ دەدەن دەنگی ئەم بیرمەند و ڕۆشنبیرانە بێدەنگ بکەن.

 

 'بیری ئازاد لە زیندانەکاندا نامێنێتەوە، وەک با لە هەموو شوێنێک بڵاودەبێتەوە'

 سەحەر حەسەن ئاماژهی بەوەدا که هیچ کاتێک ناتوانرێت بیرۆکه ڕابگیرێت و به درێژایی مێژوو زۆرێک له بیرۆکانەی کپ کراون و قەدەغە کراونلە کۆمەڵگەکاندا ڕەگیان داکووتیوە و وتیشی: هەرگیز زیندان ناتوانێت ببێتە بەربەست لەبەردەم بیرۆکەکاندا، چونکه بیرۆکەکان وەک با بە هەموو شوێنێکدا دەڕۆن، مێژوو نیشانی داوه کە زۆرێک لە بیرمەندان یان سەرکوتکراون، یان دەستگیر کراون و کوژراون، بەڵام بیرۆکەکانیان هێشتا ماونەتەوە.

 

 بیروڕاکانی ئۆجەلان لەسەر ژن و کۆمەڵگە و شۆڕش

 سەحەر حەسەن ئاماژەی بەوەدا کە بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان  ژنان و کۆمەڵگە، کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر تەڤگەرە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان هەبووە و وتیشی: هزری ئۆجالان کاریگەرییەی زۆری نەک تەنیا لەسەر گەلی کورد، بەڵکو لەسەر هەموو تەڤگەرە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست هەیبووە کە بە دوای ئازادی و دیوکراسیدا دەگەڕێن.

 

سەحەر حەسەن سەرنجی بۆ شیکردنەوەکانی ئۆجالان سەبارەت بە ژنان ڕاکێشا و وتی: ئۆجالان دیاریی کرد کە هۆکاری هەموو ستەمێک لە کۆمەڵگادا ستەمکردنە لە ژنان، و وتی کۆمەڵگە ئازاد نابێت تا ژن ئازاد نەبێت، ئەو بیرۆکانە کاریگەرییان لەسەر تەڤگەرەکانی ژنان هەبوو و کۆیکردنەوە، ئەمەش وایکرد ژنان ڕۆڵی کارا لە خەباتدا بگێڕن، چ لە ڕووی سیاسی و چ لە ڕووی سەربازییەوە.

 

 سەحەر حەسەن ئاماژەی بەوەدا کە مۆدێلی کۆنفیدرالیزمی دیموکراتیک کە ئۆجالان پەرەی پێداوە، بەدیلێکە بۆ دەوڵەت - نەتەوە و وتی: ئەمە ئیلهامبەخش بووە بۆ زۆرێک لە بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

 

ڕەخنەکانی ئۆجالان لە سیستمی سیاسی و ئابووری

 سەحەر حەسەن ڕایگەیاند کە بیرۆکەکانی ئۆجالان بەدیلێکن بۆ ڕژێمە ستەمکارەکانی ئێستا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بیرۆکەکانی ئۆجالان مۆدێلێکی دیموکراسی و ئازادیخواز پێشکەش دەکەن، بیرۆکەکانی ئیلهامبەخش بوون بۆ زۆرێک لە بزووتنەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بەدوای حوکمڕانییەکی دادپەروەرتر و گشتگیرتردا دەگەڕێن، مۆدێلی کۆنفیدرالیزمی دیموکراسی کە ئۆجالان پێشنیاری کردووە، پشت بە ئیدارە سەربەخۆکان و بنەماکانی دیموکراسی دەبەستێت، لەبری دەوڵەت- نەتەوە.

 

سەحەر حەسەن ڕوونی کردەوە کە ئەم مۆدێلە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کراوە و وتیشی: لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک جێبەجێ کراوە و پێکهاتەکانی ئایین و نەتەوە جیاوازەکان بە ئاشتی پێکەوە دەژین، ژن و پیاو نوێنەرایەتی یەکسانیان هەیە لە ئیدارەدا، ئەم مۆدێلە بەدیلێکە بۆ مۆدێلی دەوڵەت- نەتەوەی تەسک و ستەمکار.

 

 هەروەها ڕایگەیاند کە بەڕێز ئۆجەلان ڕەخنە لە سەرمایەداری جیهانی و مۆدێرنیتە سەرمایەداری دەگرێت و وتی: ئۆجالان سەرمایەداری وەک ئامڕازێکی کۆلۆنیالیزمی مۆدێرن پێناسە کرد و مۆدێلێکی ئابووری هاوبەشی پێشنیار کرد بۆ ئەوەی کۆمەڵگەکان لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە سەربەخۆ بن، ئەم بیرۆکەیە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئەو بزووتنەوەیانە هەبوو کە بەدوای ڕێگاکانی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی ئابووریدا دەگەڕان.

 

 تەڤگەرەکانی ژنان و کاریگەریی ئۆجالان

 سەحەر حەسەن ڕایگەیاند کە تەڤگەرەکانی ژنان لە بیرۆکەکانی ئۆجالانەوە ئیلهامیان وەرگرتووە، هەروەها سەرنجی بۆ گرنگی زیادکردنی بەشداری ژنان لە میکانیزمەکانی بڕیاردان ڕاکێشا و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئۆجالان جەختی لەوە کردەوە کە ژنان لە پرۆسەی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیدا دەسەڵاتی بڕیاردانیان هەبێت، مۆدێلی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی دەرفەتی بۆ ژنان لە ڕۆڵی پێشەنگایەتی و بەڕێوەبردندا ڕەخساند.

 

 سەحەر حەسەن بەبیری هێنایەوە کە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕێکخراوەکانی وەک یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) و تەڤگەری ئازادی ژنان ئیلهامیان لە بیرۆکەکانی ئۆجالان وەرگرتووە.

 

هاوکات باسی لەوە کرد کە بیرئ ئۆجالان لە تەڤگەری ژنانی کوردەوە تا بزووتنەوە فێمینیستەکان لە ئێران و لوبنان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر هەموو شتێک هەبووە و بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ ئازادی ژنان.

 

 هەروەها لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەدا کە بیری ئۆجالان دەتوانێت چارەسەرێک بن بۆ پرسی کورد و کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست  بدۆزێتەوەو لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکەیدا وتی: ئەو مۆدێلەی ئۆجالان پێشنیاری دەکات توانای ئەوەی هەیە ببێتە چارەسەرێک بۆ هەموو کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چونکە بیرۆکەکانی لەسەر بنەمای دیموکراسی و ئاشتی و پێکەوەژیان دامەزراون، پێویستە ئەو بیرۆکانە وردتر پەیڕەو بکرێن و وەک بنەمایەک وەربگیرێن.