هەزاران کەس لە مەراسیمی پرسەی ٥ شەهید لە قامیشلۆ بەشدار بوون
لە قامیشلۆ بە بەشداریی هەزاران کەس، مەراسیمێکی بەکۆمەڵ بۆ ڕێزلێنان و بەخاکسپاردنی ٥ شەهیدی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ-ژنان بەڕێوەچوو.
ناوەندی هەواڵ
بە پێی هەواڵێک کە لە ئاژانسی ئانهای ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوبووەتەوە، ئەمڕۆ بە بەشداریی هەزاران هاوڵاتی، مەراسیمێکی بەکۆمەڵ بۆ ڕێزلێنان و بەخاکسپاردنی ٥ شەهیدی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ-ژنان بەڕێوەچوو، ئەم شەهیدانە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکانی قامیشلۆ، مەنبج و حەلەب گیانیان بەخت کردبوو.
مەراسیمەکە لە گۆڕستانی شەهید دەلیل ساروخان لە قامیشلۆ بەڕێوەچوو، کە تیایدا بنەماڵەکانی شەهیدان، هاوڕێیان، ئەندامانی پارتە سیاسییەکان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئامادە بوون.
ناوی شەهیدان بریتی بوون لە:
- هارون قامیشلۆ (شەخموس یوسف)
- مەزڵوم قامیشلۆ (فەرهاد خەلیل)
- موراد قامیشلۆ (عەبدولمەجید ئەلدیاب)
- میزگین کوردۆ (ئەندامی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ)
- زاگرۆس (شەڕڤانی هێزەکانی کۆماندۆ)
لە درێژایی مەراسیمەکەدا، چەندین کەسایەتی گرنگ وتاری خۆیان پێشکەشکرد، محەمەد عەباس، ئەندامی ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان، ڕایگەیاند کە ئەوان یەکەم هەنگاوی شۆڕشی ١٩ی تەمووز لەگەڵ شەهیدان داناوە و بەڵێنیان داوە درێژە بە ڕێبازی شەهیدان بدەن.
ڕێحان لۆقۆ، وتەبێژی کۆنگرەی ستار، ئاماژەی بەوەدا کە شەهیدان بۆ پاراستنی ناسنامە و ئازادی گەل بەرخۆدانیان کردووە و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ماوەی ١٢ ساڵە هێرش بۆ تێکشکاندنی پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک و شۆڕش بە پێشەنگایەتی ژنان دەکرێت.
دوای وتارەکان، نامەی هەر پێنج شەهیدەکە خوێندرایەوە و ڕادەستی بنەماڵەکانیان کرانەوە، لە کۆتاییدا بنەماڵە و هاوڕێیانی شەهیدان هارون، مەزڵوم و موراد، تەرمەکانیان بە شانازییەوە هەڵگرت و بە خاکیان سپاردن.