هێڤی سلێمان؛ هێمای خەبات بۆ مافە فێمینیست و مەدەنییەکان
هێڤی سلێمان، ئەندامی دەستەی کۆردیناسیۆنی کۆنگرە ستار لە قامیشلۆ، تەنانەت لە کاتی ئازاریشدا پرسی ژنانی هەڵگرتبوو و دوای خەباتێکی درێژخایەن کۆچی دوایی کرد.
شیرین محەمەد
حەلەب- هێڤی سلێمان، ئەندامی دەستەی کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە قامیشلۆ لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی تشرینی یەکەم، پێش ئەوەی بتوانێت خەونی گەڕانەوەی بۆ گوندی مۆباتۆی خۆی کە سەر بە شاری عەفرینی داگیرکراوە بەدیبهێنێت، کۆچی دوایی کرد.
ژنانی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، هێڤی سلێمان بە شەهیدی ئەو خەباتە بەردەوامەی کە ٣٠ ساڵە نەشکاوە و نەلەرزیوە وەسف دەکەن، وە ئەو تەمەنی ٦٢ ساڵ بوو کاتێک کۆچی دوایی کرد و میراسی فێمینیستی خۆی بەجێهێشت.
هێڤی سلێمان، یەکێک بووە لە یەکەمین مامۆستاکانی شاری حەلەبی سوریا، کە لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٠ و ٢٠١١دا، وانەی زمانی کوردی وتووەتەوە، جگە لەوەش بەشداری لە دامەزراندنی دامەزراوەی زمانی کوردی (SZK) کردووە، هەروەها چەندین پۆستی لە خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک هەبووە، وەک کوردێکی عەلەوی وەک ئەندامی ئەنجومەنی عەلەوی لە شاری عەفرین کاری کردووە، وە یەکێک بوو لە بەشداربووانی دامەزراندنی ئەنجومەنی ژنانی سوریا، جگە لەوەی ئەندامی ئەنجومەنی دامەزرێنەری فیدراسیۆنی دیموکراتی باکووری سووریا بووە، هەروەها ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک (پەیەدە) بووە، ڕاستەوخۆ بەشداری لە کۆمیتەی ئازادی جەستەیی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان کردووە، هەروەها بەشداری کردووە لە دامەزراندنی ماڵی گەل، ئەندامیش بووە لە ئەنجومەنی بنەماڵەی شەهیدان.
هەروەها بوو بە نموونە لە فێرکردنی زمانی کوردی بە منداڵان و چاندنی هەستی نیشتمانپەروەری لەواندا، جگە لەوەی لە خەبات و فەرهەنگ و لێکۆڵینەوە و زانستدا نموونەیەک بوو، بەشدارییەکی بەرفراوانی لە بواری فەرهەنگی و سیاسی و خەباتدا هەبووە، بەتایبەتی لە بواری بەهێزکردن و پاڵپشتیکردنی ژنان، هەمیشە حەزی دەکرد ژنانی عەلەوی خۆیان ڕێکبخەن، چونکە یەکێک بوو لەوانەی ژیانی خۆی تەرخان کرد بوو بۆ دڵنیابوون لەوەی هیچ ژنێک لە جیهاندا بە چەوساوەیی یان ژێردەستەیی نەمێنێتەوە، وەک لە بەیاننامەی کۆنگرەی ستاردا ئاماژەی پێکراوە، هێڤی سیلێمان وەک "شەهیدی کۆنگرەی ستار" نەمر دەکرێت.
''کاریگەرییەکەی لە ژیاندا دیارە''
ڕێحان عەلو، ئەندامی کۆنگرەی ستار لە شاری حەلەب، کە پێش داگیرکردنی بۆ ماوەی ٧ ساڵ لەگەڵ هێڤی سلێمان لە ناوچەی شەهبا کاریان کردووە، ڕایگەیاندووە، هێڤی سلێمان بەشدارییەکی زۆری لە ئازادی ژنان و کۆمەڵگەدا کردووە، بەتایبەتی لە ناوچەی عەفرین و شەهبا، هەروەها شوێنپێ بیرکردنەوە و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵڵا ئۆجالان کەوتووە، کەسایەتی و بیرۆکەکانی ئەو بووە کە کاریگەری لەسەر بووە و بەشداری کردووە لە هاوبەشکردنی لەگەڵ کەسانی دیکە و پەروەردەکردنیان.
ئەو ڕوونیکردەوە، کە کۆچکردوو لە ساڵانی نەوەدەکاندا پەیوەندی بە کاری ڕێکخراوەیی کردووە، وتی: ''لەو ساڵانەدا چەند جارێک لەگەڵ ڕێبەرعەبدوڵڵا ئۆجالان کۆبووەتەوە و چەندین ڕاهێنانی لێ وەرگرتووە، بنەماڵەکەشی پابەندن بە دۆزی کورد و چەندین شەهیدیش بۆ ڕزگارکردنی وڵات و بەرگریکردن لە دۆزی کورد گیانیان لەدەستداوە".
''توانای هەماهەنگی و ڕێکخستنی ئەو''
هێڤی سلێمان، کاریگەرییەکی ڕوونی لەسەر ئازادی ژنان و بەشداریکردنیان لە ژیانی سیاسیدا هەبووە، ئەو شارەزا بوو لە هاوسەنگکردنی کارەکانی لەگەڵ ژیانی وەک دایکی حەوت منداڵ، وە یەکێک بوو لە "دایکانی ئاشتی" لە شۆڕشی ڕۆژئاوادا، کاتێک داگیرکەری تورکیا هێرشی کردە سەرعەفرین ئەو لە پێشەنگی خەباتدا بوو، لە ناوچەی شەهباش هەمان شت بوو، دوای ئاوارەبوونی لە عەفرینەوە بۆ شەهبا، هەڵبژێردرا بۆ ئەوەی ببێتە ئەندامی دەستەی کۆردیناسیۆنی کۆنگرە ستار لە ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، لە سەختترین کاتەکاندا، حەزی دەکرد پشتگیری خەڵک بکات و هانیان بدات بۆ خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوە، هەروەها هێڤی سلێمان کاریگەرییەکی ڕوون و دەنگێکی بەهێزی هەبوو لە دژی هەموو ئەو ستەم و گۆشەگیریانەی کە ژنانی کردوەتە ئامانج و سەرکوتی ئازادییان دەکات، وە ڕاهێنانەکانی دەوڵەمەند و قووڵ بوون، جێپەنجەیەکی ڕوونی لەسەر کەسایەتی و ڕەفتاری دڵخۆشکەری بەجێهێشت، هێڤی بە زەردەخەنە و ڕۆحی دڵخۆش و وزەبەخش و خۆشەویستی بۆ ژن و ژیان و ئازادی و سروشت ناسرابوو، بۆ هەر شوێنێک دەچوو گوڵی دەچاند، ئەو کارەکەی خۆشدەویست و بە تەواوی تایبەت بوو بەو کارە، یارمەتی ژنانی دەدا لە ڕێکخستن و بەڕێوەبردن و پەروەردەکردنیان، هەروەها خەبات بۆ بەدەستهێنانی ئازادییە چاوەڕوانکراوەکەیان."
سەرەڕای تووشبوونی بە نەخۆشی شێرپەنجە، بەڵام مۆڕاڵەکەی بەرز بووەوە و نەخۆشییەکە نەیتوانی ئیرادەی بەهێزی بشکێنێت، ڕێحان عەلو وتی: "هەمیشە پێم دەڵێت، لەم نەخۆشییە چاک دەبمەوە و باشتر لە پێشوو دەگەڕێمەوە، تا دوا هەناسەم بەردەوام دەبم لە خەباتم"، ئاواتەکەی ئەوە بوو کە کوردستان ئازاد بێت، بەتایبەت شاری عەفرین، وە ڕێبەرعەبدوڵڵا ئۆجالان ئازاد بێت و ئەویش ئەوە ببینێت کە هەموو ژنێک بە ئازادی خۆی دەگات.
لە گۆڕەپانی شەهیدان، بە بەشداریی سەرجەم دامودەزگا و لایەنە سیاسی و مەدەنی و فێمینیستەکان و هەروەها دانیشتووانی گەڕەکی ئەشرەفیە و شێخ مەقسوود، ڕێوڕەسمێکی یادکردنەوە بۆ هێڤی سلێمان بەڕێوەچوو.