نوێنەرانی ڕۆژئاوا: خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک ڕێگەچارەیە بۆ سووریای نوێ
پانێڵی یەکەمی دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریای نوێدا بە بەشداری نوێنەرانی ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و باس لە دۆخی ڕۆژئاوا کرا.
سلێمانی
دیداری باشوور بۆ ئایندەی ڕۆژئاوای کوردستان لە سووریای نوێدا، بە بەشداری کەسایەتی سیاسی، نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، ژنانی سیاسی و چالاکوان و ڕۆشنبیران و نووسەران و توێژە جیاوازەکان پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستی پێکرد و پانێڵی یەکەمی دیدارەکە بە بەشداری نوێنەرانی ڕۆژئاوای کوردستان بەڕێوەچوو.
لە پانێڵەکەدا، پەروین یوسف، هاوسەرۆکی گشتی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە باسی لە دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان کرد کە ئێستا گۆڕانکارییەکی سیاسی بەرچاو تیایدا بەڕێوە دەچێت، دەسەڵاتی ئێستای هەیی مافی پێکهاتەکان ناپارێزێت، هەروەها زۆرترین هێرشی دەوڵەتی تورکیا لەسەر ناوچەکە هەیە، هەموو ئەمانە دۆخی ڕۆژئاوامان زیاتر بۆ ڕوون دەکاتەوە کە چۆن ڕێوشوێنێک پێویستە بگیرێتە بەر بۆ پاراستنی پێکهاتەکان و بە تایبەت دەستکەوتەکانی ژنان.
سیهانوک دیبو، سەرۆکی پەیوەندییە گشتییەکانی پەیەدە، لە پانێڵەکەدا باسی لەوەکرد، تا ئێستا ئەوەی بینراوە شێوازی دەوڵەت نەتەوە چارەسەری ناهێنێت، دەکرێت لە ئەوروپادا هەندێک بارودۆخ هەبوبێت کە ئەم شێوازە تا ئاستێک بەڕێوەچووبێت، بەڵام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەت نەتەوە بەڕێوە ناچێت، چونکە بە بوونی پێکهاتە و باوەڕییە جیاوازەکان ئەم سیستمە ناتوانرێت جێبەجێ بکرێت، بۆیە لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان سیستمی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک بووە وەڵامدەرەوەی دۆخی گەلان و بە بوون و پاراستنی پێکهاتە و ناسنامەکان ، ئەم سیستمە سەرکەوتنی تا ئەمڕۆ بەدەستهێناوە، بۆیە هەموو کەسێک لە سووریادا ئەمڕۆ ڕوویان لە ڕۆژئاوای کوردستان و قەسەدەیە و ئەو سیستمەیان دەوێت پەیڕەو بکرێت.
جاویدان کەمال، نوێنەری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە باشووری کوردستان، لە پانێڵەکەدا باسی لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک کرد کە ئێستا لە بەردەم هێرش دایە و پێویستە داکۆکی لە گەلی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان بکرێت، چونکە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک پڕۆژەیەکی هاوبەشە و لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان دەستی پێکردوە و دەبێت بیکەینە پرۆژەیەکی سیاسی.
جاویدان کەمال باسی لەوەشکردن پێویستە بۆ پشتیوانیکردنی ڕۆژئاوای کوردستان فشار لە لایەنە سیاسییەکان بکرێت و هەرێمی کوردستانیش وەک قەوارەیەکی سەربەخۆ دەتوانێت پشتیوانییەکانی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان کاریگەرتر بێت، هەروەها پشگیری ڕۆژئاوا دەکرێت پڕۆژەیەک بێت بۆ لایەنە سیاسییەکان، هەروەها پێویستە دەرگای سێمێلکا بە تەواوی بکرێتەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان.
دیدارەکە بە وەرگرتنی پێشنیار و گفتوگۆی ئامادەبووان درێژەی هەیە.