لە گوندێکی هەولێر ژنێک لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژرا

لە گوندی پیرداودی نزیک هەولێر ژنێکى تەمەن ٣٥ ساڵ کوژراوە، بەپێی وتەی کەسوکارەکەی هاوژینەکەی ئەنجامدەری تاوانەکەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

عەقڵیەتی ژنکوژ بەردەوامە لە تاوانی کوشتنی ژنان و بە بێ کوشتنی زیاتر لە ژنێک مانگ لە باشووری کوردستان تێپەڕ نابێت.

 

بەپێی زانیارییەکان، ژنێک کە تەمەنی ٣٥ ساڵەو دایکی ٥ منداڵە لە گوندی پیرداودی سنووری پارێزگای هەولێر لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە.

 

هەرچەندە پۆلیس هیچ ڕاگەیەندراوی لەبارەی ئەو تاوانەوە نییە، بەڵام لێکۆڵینەوەی لە ڕووداوەکە دەستپێکردووە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان هەموو هەرێمەکانی باشووری کوردستانی گرتووەتەوە، تەنها لە مانگی ئابی ئەمساڵدا، ١٢ ژن کوژراون، یاخود بە گوماناوی گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لەمانگی ئەیلوول ئەمە دووەم کوشتنی ژنانە تۆمار دەکرێت.