هاوسەرۆکانی شارەوانی ڕەققە: داگیرکردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان سیاسەتی نکۆڵیکردنە
ژنانی کانتۆنی ڕەققە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیایان لە باکووری کوردستان شەرمەزار کرد و خوازیارن گەل لە دژی ئەو پێشێلکاریانە خەباتی خۆیان زیاتر بکەن.
سیبیلیا ئیبراهیم
ڕەققە- شارەوانییەکانی باکووری کوردستان، شارەکانی ئیلح، ماردین و خەلفەتی لە ٤ی تشرینی دووەم، لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە داگیرکران و خراونەتە ژێر گەمارۆوە، پۆلیس شارەوانی ئیلیی گەمارۆدا، بەڵام چەند ڕۆژێکە بە هەزاران کەس لە بەردەم شارەوانیەکانیان ناڕەزایەتییان دەربڕی بەرامبەر بە دانانی قەیوم، بەمەبەستی شەرمەزارکردنی سیاسەتی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا، گەلی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لێدوانیان دا بۆ شەرمەزارکردنی سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا.
هاوسەرۆکانی شارەوانی کانتۆنی ڕەققە سەرنجیان بۆ گرنگی بەرخۆدانی باکووری کوردستان و تورکیا لە دژی سیاسەتی ئاکەپە – مەهەپە ڕاکێشا و ئاماژەیان بەوە کرد، داگیرکردنی شارەوانییەکان سیاسەتی ستەمکارییە، ئامانج لێی زەوتکردنی مافەکانی گەلە.
"داگیرکردنی شارەوانییەکان ڕاگەیاندنی شەڕە"
سار سەوان، هاوسەرۆکی شارەوانی گەلی ئەلکیرشی کانتۆنی ڕەققە، ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ئاکەپە-مەهەپە شارەوانیەکانی باکووری کوردستانیان داگیرکرد، زۆر چالاکی ئەنجامدرا، ئێمە دەڵێین ئەمە ڕاگەیاندنی شەڕە، لە کوردستان دەوڵەتی تورکیاهەوڵدەدات بەرخۆدانی خەڵک و کۆمەڵگە شکست بهێنێت.
هەروەها جەختی لە بەرزکردنەوەی ئاستی خەبات و بەرخۆدان لە دژی سیاسەتی پارتی ئاکەپە-مەهەپە لە لایەن گەلی باکووری کوردستان و تورکیا کردەوە.
ڕیم خەلیل، هاوسەرۆکی شارەوانی گەلی ڕەتلە ڕایگەیاند، ئاکەپە-مەهەپە جارێکی دیکە هەوڵی داگیرکردنی شارەوانییەکان دەدات، سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا ڕوونە، هەوڵی دەستبەسەرداگرتنی هەموو دەستکەوتەکانی گەلی کورد دەدات، ناڕەزایەتییەکان دژی داگیرکەران و دەوڵەتی تورک لەلایەن ژنان و ئیرادەی گەلەوە پێشنەگایەتی دەکرێت، ئازادیخوازان بەردەوامن، بۆیە پێویستە گەل ڕادەست نەبن و بەردەوام بن لە بەرخۆدان لە بەرامبەر سیاسەتی نکۆڵی کردندا.
"دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دژی ئازادی گەلە”
ڕوقیە محەمەد، هاوسەرۆکی شارەوانی گەلی کەرامێی وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا دژی ئازادی گەلە، نموونەی ئەوەش کردەوە بەردەوامەکانی دژی ناوچەی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریایە، لە ناوخۆی تورکیادا بابەتەکە جیاواز نییە، داگیرکردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان سیاسەتی دژ بە گەلی ئازادیخواز نیشان دەدات و مێژووی دەوڵەتی تورکیاش نموونەی هەرە بەرچاوی دوژمنایەتی گەلە، ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە ناوخۆدا دەیکات، سەلماندنی لاوازی خۆیەتی لەبەردەم ئیرادەی گەلدا، ماوەیەک لەمەوبەر باسی ئاشتی کردووە، بەڵام ڕوونە کە هەوڵدەدات جارێکی دیکە بە فێڵ و تەڵەکە بەرژەوەندییەکانی خۆی بەدەستبهێنێت.
ڕوقیە محەمەد جەختی لە گرنگی بەرخۆدانی گەل کردەوە و ڕایگەیاند، پێویستە هەموو خەڵک دەستی یەکبگرن و دژی سیاسەتی نکۆڵیکردن بوەستن و لە کۆتاییدا وتی: نابێت ئەم سیاسەتە کاریگەری لەسەر بەرخۆدانی گەل هەبێت، پێویستە ژنان پرۆسەی هەستیار بەڕێوەببەن و پێشەنگایەتی ناڕەزایەتییەکانی باکووری کوردستان بکەن.