دادگاییکردنی چالاکوان شەریفە محەمەدی هەڵوەشایەوە

دادگاییکردنی شەریفە محەمەدی، چالاکوانی کرێکاری کە لە زیندانی لاکان لە ئێران ڕاگیرابوو، بە هۆی نەبوونی دادوەرێکەوە هەڵوەشایەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ١٤ی تشرینی دووەم، هەڵمەتی بەرگریکردن لە شەریفە محەمەدی لە هەژماری خۆیدا ڕایگەیاند، دانیشتنی دادگاییکردنی شەریفە محەمەدی، ئەو چالاکوانە کرێکارییەی کە لە زیندانی لاکان لە شاری ڕەشت ڕاگیراوە، بە هۆی نەبوونی دادوەر دواخراوە.

 

کەمپەینی بەرگری لە شەریفە محەمەدی، وێڕای ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە هەڵوەشاندنەوەی دادگاییکردنی شەریفە محەمەدی، ئەو کارەی بە درێژەی ڕێگریکردن لە ئامادەبوونی شەریفە محەمەدی لە دادگا پێناسە کرد، کە نموونەی پێشێلکردنی مافی زیندانییەکانە و داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی کرد بۆ ئەم بابەتە.

 

شەریفە محەمەدی لە ٥ی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣ لەلایەن ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و لە٣٠ی  هەمان مانگدا لە زیندانی لاکان لە ڕەشت بە توندوتیژی لێیدرا و گواسترایەوە بۆ زیندانی سنە و دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک، گەڕێندرایەوە بۆ زیندانی لاکان.

 

 دانیشتنی دادگاییکردنەکە لە ٩ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، بە کۆمەڵێک تۆمەتەوە، لەناویاندا “یاخیبوون” بەڕێوەچوو، هەروەها لە ناو ئەو تۆمەتانەی کە ئاڕاستەی شەریفە محەمەدی کراوە، سەر بە گرووپێکی ئۆپۆزسیۆن بووە.