هاوڵاتیانی مەخموور بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک لە ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوامن
دوای ئەوەی حکومەتی عێراق شاندێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی گەلی کامپی مەخمووری دەستگیرکرد، دانیشتووانی کامپەکە بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک بەردەوامن لە ناڕەزایەتییەکانیان.

مەخموور
حکومەتی عێراق ڕێگری لە دانیشتووانی کامپی مەخموور دەکات کە هەزاران ئاوارەی تێدایە، بگەنە نەخۆشخانەکان و چوونە ناو شارەکانی عێراق، هەروەها ڕێگری دەکات لە تێپەڕبوونی پێداویستییە گرنگەکان بۆ ناو کامپەکە.
حکومەتی عێراق لە ١٠ی نیساندا گەمارۆی سەر کامپی شەهید ڕوستەم جودی "مەخموور"ی سەپاند، بۆ کۆتاییهێنان بەو گەمارۆیە، شاندێکی ئەنجومەنی گەلی مەخموور پێکهێنرا بۆ ئەوەی گەشت بۆ بەغدا بکەن، بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی شاندەکە ئەندامەکانی دەستگیرکران، ئەمەش وایکرد دانیشتوانی کامپەکە چادرێکی ناڕەزایەتی دابنێن، بۆ شەرمەزارکردنی دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەنجومەنەکە.
بۆ دووەم ڕۆژ لەسەریەک دانیشتوانی کامپی مەخموور بەردەوام بوون لە ناڕەزایەتییەکانیان، ڕەتکردنەوەی خۆیان بۆ دەستگیرکردنی ئەندامانی ئەنجومەن دووپاتکردەوە، داوای ئازادکردنیان کرد.
بەشداربووان دووپاتیان کردەوە کە بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتییەکانیان تا ئەو کاتەی ئەندامان ئازاد دەکرێن و گەمارۆکە هەڵدەگیرێت.