لە ئەفغانستان تەڤگەرەکانی ژنان بەردەوامی قەدەغەکردنی خوێندنی کچان شەرمەزار دەکەن

ژمارەیەک لە تەڤگەرە ناڕەزایەتییەکانی ژنان ڕەخنەیان لە پراکتیزەکردنی تاڵیبان لە دژی خوێندکارانی کچ گرت و داوایان لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد کە پشتیوانی مافی خوێندنی کچان بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی لە ئابی ٢٠٢١ تاڵیبان دەسەڵاتی ئەفغانستانی گرتەوە دەست، سنووردارکردنی توندی بەسەر ژناندا سەپاند، لەوانە قەدەغەکردنی خوێندن بۆ کچانی سەرووی پۆلی شەشەم، هەرچەندە تاڵیبان سەرەتا ڕێگری لە چوونە قوتابخانەی کچانی ئامادەیی دەکرد، بەڵام وەزارەتی خوێندنی باڵای تاڵیبان ڕێگری لە چوونە زانکۆکانی کچانیش کرد، دواتر هەموو ناوەندەکانی خوێندنی بۆ کچان لە هەموو ئاستەکاندا داخست.

 

ە ئێستادا ئەفغانستان تاکە وڵاتە لە جیهاندا کە ڕێگە بە کچان نادات لە دوای پۆلی شەشەم درێژە بە خوێندن بدەن و زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار خوێندکاری کچی لە خوێندن بێبەش کردووە.

 

لەگەڵ تێپەڕبوونی هەزار ڕۆژ بەسەر قەدەغەکردنی خوێندنی کچان لە ئەفغانستان لە سەرووی پۆلی شەشەمەوە، چالاکوانی مافی ژنان و تاهیرە نەسیری، بەرپرسی تەڤگەری “ژن بۆ ئازادی”، بە بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” کە سەر بە هاوپەیمانی تەڤگەرەکانی ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی ژنانی ئەفغانستانە، تیشکی خستە سەر بەردەوامی قەدەغەکردنی خوێندنی کچان و جەختی لەوە کردەوە خوێندن مافێکی سەرەتایی و بنەڕەتییە بۆ هەموو مرۆڤێک .

 

"تاڵیبان مافە سەرەتاییەکانی ژنانی زەوت کردووە"

ئاماژە بەوەشکرا، تاڵیبان هەموو ماف و ئیمتیازە سەرەتاییەکانی مرۆڤی ژنان و کچانی زەوت کردووە نزیکەی هەزار ڕۆژە بە ملیۆنان کچ لە مافی خوێندن بێبەش کراون.

 

 

 داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و دامەزراوەکان کرا پشتگیری لە پەروەردە بۆ وەستاندنی مامەڵەکردن لەگەڵ تاڵیبان و هەوڵدان بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی جەماوەری لە ئەفغانستان و پشتگیریکردنی مافی کچانی ئەفغانستان بۆ خوێندن بکەن، هەروەها پێویستە هەر پەیوەندییەک لەگەڵ تاڵیبانی ژنکوژ ڕابگرن.

 

 

لای خۆیەوە “بزووتنەوەی شەممەی بنەوشەیی” دوێنێ لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و داوای لە گەلی ئەفغانستان و چالاکوانانی مافی ژنان کرد نەک تەنها قوتابخانەکان بکەنەوە، بەڵکو جەخت لەوە بکەنەوە کە مامۆستایان و کەرەستەی پەروەردەیی نەگۆڕدرێن.

 

 

ئاماژەی بەوەشکرد، کردنەوەی قوتابخانەکانی کچان دەبێت بەبێ گۆڕینی ستافی وانەوتنەوە و جلوبەرگی خوێندکارانی کچ بێت.

 

 

داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و حکومەتەکان کرد لە قووڵایی قەیرانی مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان تێبگەن، هەروەها خۆیان لە هەر دەستکارییەکی سیاسی لە چارەنووسی گەلی ئەفغانستان بەتایبەت ژنان بەدوور بگرن، هەروەها دەبێت هاوکاری باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لەم وڵاتەدا بکەن لەڕێگەی ڕێوشوێنی کردەیی و پشتیوانی ڕاستەقینەوە.