"بەسە ژن کوشتن، چەکەکانتان بۆ پاراستنی نیشتیمان بەکاربێنن"

ڕژاک ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی لە بارەی کوشتن و توندوتیژی دژی ژنان بڵاوکردەوە و ڕایدەگەیەنێت، کۆمەڵکوژی ژنان هەرەس بە هەرێمی کوردستان دێنێت.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی لە بارەی کۆمەڵکوژی و کوشتنی ژنان بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە "کۆمەڵکوژی ژنان هەرەس بە هەرێمی کوردستان دێنێت و سوپایەک لە ژن کوژان خەریکن ژیان و کۆمەڵگەی باشوری کوردستان وێران دەکەن، لەکاتێکدا دەبێت ئەو سوپایە بەرگری لە خاک و نیشتیمان بکات کە داگیرکراوە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕژاک ئاماژەی بەوەدا، سوپایەکی بێ ئیشی پیاوێتی کە تەنها کاریان ژن کوشتن و سوکایەتی و بە کاڵاکردنی ژنانن، لەم هەرێمە بەڕێوە دەبرێن و قەڵەو دەکرێن، کە تەواوی کۆمەڵگە دەخاتە ناو مەترسیەکی گەورەوە، "ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و تەکنەلۆژیاش هۆکارێکی خێرای ئەو هەڵمەتەیە دژی ژنان و نمایش کردنی جەستەی ژن، مامەڵەکردن و بازرگانی کردن و بەکارهێنانیانە بۆ بەرژەوەندی پیاوێتی برسی کە لولەی چەکەکانیان تەنها لە ژنە و لە ئاست داگیرکاران سەریان نەویە تا ئاستی کڕنوش بردن.

 

"بۆ ئەوەی ژنان لە تێکۆشان دووربخەنەوە هەموو سیاسەتێک بەکاردێنن"

ڕژاک ئەوەشی خستەڕوو کە بۆ ئەوەی ژنان لە ڕێگای تێکۆشانی ئازادی خاک و نیشتیمان و ئازادی زهنی دووربخرێتەوە، هەموو جۆرە پلان و سیاسەتێک بەکاردێنن بۆ داڕماندنی ژنان و بچووککردنەوەی، ژن کە خاوەنی مێژووییەکی پڕ لە سەروەری، داهێنان، ڕەنج و بەرهەمە، ئێستا تەنها کراوە بە بوکەڵەی دەستی سوپایەکی نێری هەوەس باز، پارە پەرست و خوێن ڕێژ، لە ژێر ناوی نامووس ڕۆژانە ژن دەکوژن، کاتێ ژن ناکەوێتە ژێر هەوەسبازییان لە باڵەخانەکان فڕێیی دەدەنە خوارەوە، کاتێکیش ژن بۆ بەرژەوەندیەکانیان بەکاردێنن بۆئەوەی کارە قێزەونەکانیان ئاشکرا نەبێت دێن و دەیانکوژن بەو چەکانەی کە دەبێت بۆ پاراستنی خاک بەکاری بێنن، کاتێک غەریزەی پارە و میراتی و برسێتی مادی لە زهنیاندا جێگیر دەبێت، ئیتر ژنەکان دەبنە ئامانجی چەکەکانیان و خوشک، دایک، کچ و هاوژین زۆر بەئاسانی دەکوژن و بکوژانیش سزا نادرێن و وەکو ئەوەی کە خاکیان ڕزگارکرد بێت بەشانازیەوە دەگەڕێن لە بەرچاوی هەموواندا.

 

ڕژاک لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا باس لە داگیرکاری و کوشتنی ژنان دەکات، تیایدا هاتووە؛

 

"ئەگەر سیستەمێکی دادپەروەرانە هەبێت و ژن تێیدا ڕۆڵ و پێگەی هەبێت، ڕۆژانە ژن کۆمەڵکوژ ناکرێت، ئەگەر پەروەردەیەکی زهنی و ئەقڵی هەبێت کە تاک و خێزان و کۆمەڵگەی لەسەر ڕابهێنرێت، کە ژن مێژوویەکی پڕ لە داهێنانی هەیە و پێویستە ڕێزی لێبگرێت و لە بەڕێوەبردن و خزمەتدا جێگای سەرەکی هەبێت، ئەوا ڕۆژانە ژن ناکوژن، بەڵام ئەو زهنیەتە دەرەبەگایەتیە تاک و کۆمەڵگەی لەسەر ڕادەهێنرێت تەنها لەسەر لێدانە لە ژن و کەم بینینی ژنە، تەنها بە پەچەکردنی ژنە کە سیاسەتی داگیرکارانە و ژنان وەکو کەنیزەک بەکاردێنن بۆ چێژی خۆیان، ئەوەش کولتوری ڕەسەنی کورد نییە و هاوردەی داگیرکارانە.

 

ژن لەم خاکەدا داهێنانی کرد، ڕەنجی دا بەڵام داگیرکاران هاتن و کولتووری کەنیزەک و کۆیلایەتیان بەسەردا سەپاند، سیاسەتی دەرەکی و داگیرکاری بۆ داگیرکردنی هەر نەتەوە و خاکێک سەرەتا لە ژن دەدەن، دەستدرێژی دەکەنە سەر ژن و ژن دەکەنە کاڵای سەرەکی بازرگانیەکانیان و داڕمانی کۆمەڵگەکان، چونکە ژن خاک نافرۆشێت و نەی فرۆشتوە، لەبەرئەوە لە ڕێگای لاوازکردنی ژنەوە دەست بۆ بست بە بستی نیشتیمان دەبەن.

 

"هەڵوێستێکی زۆر گرنگ و مێژوویی نیشان بدەین"

لە هەولێر، سلێمانی و لە عێراقیش لەم چەند ڕۆژەدا چەندان ژن بە ناوی نامووس و میراتی کۆمەڵکوژ کراون، ئەوەش مەترسیە بۆ سەر تەواوی ژنان، کوشتنی هەر ژنێک کوشتنی هەریەک لە ئێمەی ژنانە، بۆ ڕاگرتنی کوشتنی ژنانی بانگەوازی لە تەواوی ژنان دەکەین کە چیتر بێدەنگ نەبن لە ئاست ئەو هەموو کوشتنەی ژنان و هەڵوێستێکی زۆر گرنگ و مێژوویی نیشان بدەین.

 

ئەرکی ئێمەی ڕێکخراوەکانە کە ژنان هۆشیار بکەینەوە و بپارێزین لەو هەموو کوشتنە، ژنان تێکوشان بکەن تیرۆر دەکرێن و تیرۆرستان بە پارێزاوی دەگەڕێنەوە ئەو شوێنەی لێی ئاڕاستەکراون، ژنان بەبیانووی نامووس و لەسەر میراتی دەکوژرێن و بکوژان بەرەڵا دەکرێن، دەستدرێژی دەکرێتە سەر ژنان و لاقە دەکرێن و دەکوژرێن، هێشتاش ژن تاوانبار دەکرێت و بە شایستەی نازانن لە گۆڕستانیش ئەسپردەی خاک بکرێت.

 

وەک ڕژاک هەر جۆرە کوشتنێکی ژنان شەرمەزار و بە نەفرەت دەکەین و هەوڵ و تێکوشانی خۆمان دووپات دەکەینەوە و دەڵێین بەسە ژن کوشتن، چەکەکانتان بۆ پاراستنی نیشتیمان بەکاربێنن".