گرێتا تونبێرگ بەهۆی خۆپیشاندان لەبارەی کەشوهەوای سوید سزادرا

گرێتا تونبێرگ، چالاکوانی کەشوهەوا بەبیانووی ئەوەی گوێڕایەڵی فەرمانی پۆلیس نەبووە بۆ جێهێشتنی خۆپیشاندانی کەشوهەوا لە بەندەری مالمۆی سوید لە مانگی ڕابردوودا، سزا درا.

ناوەندی هەواڵ

 

گرێتا تونبێرگی تەمەن ٢٠ ساڵ، لە مانگی حوزەیراندا چووە پاڵ کۆمەڵێک خۆپیشاندەری گەنج کە ڕێگرییان لە تانکەرە نەوتییەکان کرد لە بەندەرێکی مالمۆ.

 

دوای خۆپیشاندانەکە گرێتا تونبێرگ، بە تۆمەتی "سەرپێچی پۆلیس" لەکاتی خۆپیشاندانێکدا، برایە بەردەم دادگاو ئەو تۆمەتەی ڕەتکردەوە، بەڵام بە تاوانبار ناسێندراو سزای ٢٥٠٠ کرۆنی سویدی درا کە دەکاتە ٢٤٠ دۆلار.

 

ئەو چالاکوانە بەشداری لە خۆپیشاندانێکی دیکەدا کرد و بەشێک بوو لە کۆمەڵێک خۆپیشاندەر کە ڕێگای بارهەڵگرە نەوتییەکانی بەندەری مالمۆیان داخست.

 

گرێتا وتی: پێم وایە ئێمە لە دۆخێکی لەناکاوداین کە هەڕەشە لە ژیان و تەندروستی و موڵک دەکات، ئەوە ڕاستە کە من لەو ڕۆژەدا لەو شوێنە بووم، ئەوە ڕاستە کە فەرمانێکم پێگەیشت کە گوێم لێ نەگرت، بەڵام دەمەوێت نکۆڵی لە تاوانەکە بکەم.