گواستنەوەی ئاهو دەریایی بۆ نەخۆشخانەی دەروونی نیگەرانییەکانی زیادکردووە
لە کاتێکدا وتەبێژی ڕژێمی ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئاهو دەریایی دەستبەسەر نەکراوە، ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی نیگەرانی خۆی لە گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دەروونی دەربڕیوە.
ناوەندی هەواڵ
لە کاتێکدا وتەبێژی ڕژێمی ئێران بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئاهو دەریایی، خوێندکاری بەشی زانستە توێژینەوەکان لە زانکۆی ئازادی تاران کە لە ناڕەزایەتییەکدا بەرامبەر بەحیجابی زۆرەملی نیوەڕووت بووەتەوە ڕایگەیاند، دەستبەسەر نەکراوە و چارەسەری بۆ دەکرێت، لە بەرامبەردا ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕۆژی ٥ی تشرینی دووەم، ڕەخنەی لەم کارەی ڕژێمی ئێران گرت، نیگەرانی خۆی لە گواستنەوەی ئەم خوێندکارە ناڕازییە بۆ "نەخۆشخانەی دەروونی" دەربڕی و بە "زۆر نیگەرانکەر"ی زانی.
فاتمە موهاجرانی، وتەبێژی ڕژێمی ئێران، بانگەشەی ئەوە دەکات کە تا ئێستا دۆسیەیەکی دادگا لە دژی ئەم خوێندکارە تۆمار نەکراوە و ئەمە زیاتر لەوەی کە پرسێکی ئەمنیی بێت، پرسێکی کۆمەڵایەتییە.
تەنانەت بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەم خوێندکارە "دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ زانکۆ ئەگەر بابەتەکە پەیوەندی بە نەخۆشییەوە هەبێت، دەبێت بزانین دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان چ بڕیارێک دەدەن"، ئەمە لە کاتێکدایە کە هیچی لەبارەی ناسنامەی ئەم خوێندکارە نەوتووە.
بەڵام ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە، پێشتر بەڵگەنامەی دەستکەوتووە کە دەسەڵاتدارانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران سەرپێچی و ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەحیجابی زۆرەملی وەک "تێکچوونی دەروونی" وێنا کردووە.
ڕێکخراوەکە گواستنەوەی ئاهو دەریایی، خوێندکاری یەکەی زانستە توێژینەوەکانی زانکۆی ئازادی تاران کە بە "کچی زانستی لێکۆڵینەوە" ناسراوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دەروونی بە "زۆر نیگەرانکەر" پێناسە کرد.
پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە هیچ هەواڵێک لەبارەی شوێنی ئەم خوێندکارە ناڕازییە نییە و ئەمەش نیگەرانییەکی بەرفراوانی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی لێکەوتووەتەوە، چالاکوانانی مافی مرۆڤ، مافی ژنان و هتد، لە پەیوەندی لەگەڵ فشارخستنە سەری بۆ دانپێدانانی بە زۆر نیگەرانی خۆیان بەتوندی دەربڕیوە.
ئاهو دەریایی خوێندکاری وەرزی حەوتەمی زمانی فەڕەنسییە لەیەکەی زانستە توێژینەوەکانی زانکۆی تاران، کەڕۆژی ٢ی ئەم مانگە دوای ناکۆکی لەگەڵ چاودێرانی زانکۆو دڕاندنی جلەکانی لە لایەن پاسەوانەکانەوە، وەک نیشانەی ناڕەزایەتی جلوبەرگەکانی داکەند و دواتر بە لێدان دەستگیرکرا.