پێشبڕکێی پەرتووک خوێندنەوە لە چەمچەماڵ ئەنجام درا

لە چەمچەماڵ بۆ بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانیی پەرتووک، پێشبڕکێیەکی پەرتووک خوێندنەوە بۆ گەنجان بەڕێوەچوو، ئامانج لێی ئاشت کردنەوەی گەنجانبوو بە پەرتووک

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ لەلایەن سەنتەری گەنجانی شارەدێی شۆڕشی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵەوە، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی پەرتووکەوە پێشبڕکێیەکی پەرتووک خوێندنەوە بەڕێوەچوو، کە تیایدا زیاد لە ٣٠ گەنج بەشداربوون.

 

سیستەمی پێشبڕێکە بەشێوەیەک بوو پێش هەفتەیەک پەرتووکی ڕۆمانی "کەمانچەژەن" لە نووسینی هانس کریستیان ئەندەرس و وەرگێڕانی پیرەمێرد، درا بە بەشداربووان پاش خوێندنەوەی پەرتووکەکە لەلایەن بەشداربووانەوە ئەمڕۆ تاقیکردنەوەی بەشداربووان ئەنجام درا.

 

بەڕێوەبەری سەنتەری گەنجانی شۆڕش و سەرپەرشتیاری پێشبڕکێکە، ئاماژەی بەوەکرد وەک سەنتەری گەنجانی شۆڕش، بە مەبەستی دووبارە ئاشناکردنەوەی گەنجان بە خوێندنەوە ئەم پێشبڕکێیەیان ئەنجامداوە.

 

لەبارەی ئامانجی ئەم چالاکییەوە، باسی لەوەکرد ئامانج لەم پێشبڕکێیە ئەوەیە، کە بتوانن گەنجان ئاشنا بکەن بە خوێندنەوەی پەرتووک و ئاشتیان بکەنەوە لەگەڵ پەرتووکدا.

 

سۆزیار فەتاح یەکێک لە بەشداربووانی پێشبڕکێکە وتی: گرنگە ئەنجامدانی ئەم پڕۆژانە چونکە لە ئێستادا گەنجان بە کۆمەڵێک بابەتی دیکەوە سەرقاڵن بە تایبەتی سۆشیال میدیا گەنجانی لە خوێندنەوەی پەرتووک دوور خستووەتەوە ئەنجامدانی ئەم پێشبڕکێیانەش گرنگە بۆ ئاشتکردنەوەی گەنجان لەگەڵ پەرتووک.

 

هەروەها نیان عەباس بەشداربوویەکی دیکەی پێشبڕکێکە وتی: زۆر گرنگە پێشبڕکێی لەم شێوەیە بەڕێوەبچێت بەتایبەتی لە ڕۆژی جیهانیی پەرتووکدا، سوپاسی سەنتەری گەنجانی شۆڕش دەکەم بۆ ئەنجامدانی ئەم پێشبڕکێیە.

 

لەکۆتایی پێشبڕکێکەدا خەڵاتی ڕێزلێنان پێشکەشی ئامادبووان کرا، یەکەم و دووەم و سێیەمی پێشپڕکێکه لەلایەن سەنتەری چالاکی گەنجانی شۆڕشەوە خەڵات کران.