گرفتی خوێندکارانی پۆلی ١٢؛ لە چاولێکەرییەوە تا کۆسپەکانی لیژنەی پرسیارەکان
مامۆستا ڕیزان بەکر دەربارەی گرفتەکانی بەردەوام خوێندکارانی پۆلی ١٢ دەڵێت: یەکەم شت متمانە بەخۆبوونە چونکە ئەوە زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتنى پرۆسەى خوێندن، هەر خوێندکارێک کە ئامانجێکى هەیە، هەوڵ و ماندووبوونی ڕۆژانەی پێویستە.
شلێر کۆیی
کۆیە-ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوە و کۆتایی هاتنی تاقیکردنەوەکانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە هەرێمی کوردستان، شەپۆلێکی بەردەوام لە دڵەڕاوکێ، ترس و ناڕەزایەتی ڕووبەڕووی خوێندکاران و خێزانەکانیان دەبێتەوە. ئەم قۆناغە کە بڕیاردەرە لە داهاتووی زانستی گەنجان، لە سیستەمی ئێستای پەروەردەدا تەنها بە "نمرە" گرێدراوە، ئەمەش وایکردووە ببێتە دێوەزمەیەک کە بەهرە و توانای ڕاستەقینەی قوتابی دەچەقێنێت.
بۆ ئەمساڵ وەزارەتی پەروەردە هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو، لیستێکی فەرمی بۆ یەکەمەکانی سەر ئاستی کوردستان بڵاونەکردەوە، چونکە بڵاوکردنەوەو یەکەمەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵیاندا دەروونی خوێندکارانی دیکە کە نمرەی نزمیان هێناوە دەشێوێنێت، بەڵام لە ڕێگەی میدیاکانەوە ناوی چەند خوێنکارێکی یەکەم بڵاوکرایەوە کە زۆربەیان خوێندکاری کچ بوون.
مامۆستا ڕێزان بەکر، پەروەردەکار و مامۆستای خانەنشین لە شاری کۆیە قسەی بۆ ئاژانسەکەمان کردو وتیشکی خستەسەر گرنگترین ئەو گرفتە دەروونی و لۆجیستیانەی دێنە ڕێی خوێندکارا و جەختی لەسەر پێویستیی گۆڕینی ئەم سیستمە بۆ سیستمێکی هاوچەرخ کردەوە.
"متمانە بەخۆبوون گرنگە"
مامۆستا ڕێزان بەکر زیاتر باسی لە گرفتەکان کرد کە ڕوو بەڕووى خوێندکارانى پۆلى ١٢ دابنەوەو وتى: خوێندکار لە پۆلى یەکى سەرەتاییەوە تا دەگاتە پۆلى ١٢، دایک و باوک و مامۆستا لێى بەرپرسیارە، پاشان کەسایەتى خۆی، بە بۆچوونی من یەکەم شت متمانە بەخۆبوونە چونکە ئەوە زۆر گرنگە بۆ سەرکەوتنى پرۆسەى خوێندن، هەر خوێندکارێک کە ئامانجێکى هەیە ببێت بەچێ، ئەوەش هەواڵ و تێکۆشانى رۆژانەى دەوێت، دەبێت رۆژانە ئەرکى خۆى بکات دواىنەخات، دووەم خاڵ متمانەبەخۆبوون ئاورنەدەنەوە بۆدواوە، بۆنمونە کە کە ئەنجامى تاقیکردنەوەکان رادەگەیەنن خوێندکار هەیە لەشوێنێک خوێندۆتى هیچ پێداویستى تێدانەبووە لە ماڵێکى بچوک بێ فێنک کەرەوە بێ ئەوەى مامۆستاى تایبەتى گرتبێت دەبینى نمرەیەکى بەرزى هێناوە یان یەکەم بووە ئەوە پێى دەوترێت متمانە بەخۆبوون.
مامۆستا ڕێزان بەکر وتیشى: هەندێکجار چاولێکەرى دەبێتە هۆى شکستى خوێندکار، بەوەى چاو لە هاوڕێکەى دەکات کە ئەویش مامۆستاى تایبەت بگرێت وادەزانێت گەر مامۆستاى تایبەتى نەبێت دەرناچێت وئەوە دەکات بە بیانوو، بۆیە زۆر خویندکاری بەتوانامان هەیە زیرەکن تا دەگەنە پۆلى ١٢ لەوێ دەچەقن ڕووبەڕووی کارەسات دەبن و لێیان دەبێتە دێوەزمە، ئەوەندەیان گوێ لێبوە کە پۆلى ١٢ زۆر قورسە وتووشى شڵەژان دەبن، بەوەش پێویستە مامۆستایان وکەسوکار رۆڵیان هەبێت لە هێورکردنەوەى خوێندکار و لایان ئاسایی بکەنەوە.
"لیژنەکانی پرسیار هۆکاری ترساندنی خوێندکارن"
ئەو مامۆستایە نەشى شاردەوە کە زۆر جار لیژنەکانى دانانى پرسیارى پۆلى ١٢ هۆکارن بۆ تۆقاندنى قوتابیان بەهۆى بونى کەمو کوڕى لە پرسیارەکان, بۆیە دەبێت پێداچونەوە بکەن و لیژنەهەبێت بەو پرسیارانە دابچنەوە تا بەهەڵە نەیەتە بەردەم قوتابی و چاکسازى لە دانانى پرسیاردا بکرێت، وتی: سیستەمى ئەوروپى زۆر گونجاوترە بۆ خوێندکار چونکە ئەو خوێندکارە هەر لەسەرەتاوە ئامانجەکەى لا روونە و لەم سیستمە بە نمرە نییە لە کوێ وەردەگیرێت بەڵکو بە لێهاتوویە بە حەزى خۆیەتى، گەر لە کوردستان ئەو سیستمە پەیڕەو بکرێت ئێستا زۆر زۆر باشتر دەبوو، چونکە خوێندکار زۆربەتواناو لێهاتوومان هەیە وگەر بە ویستى خۆى بخوێنێت زۆر سود بە خاک وڵاتمان دەگەیەنێت.
لە کۆتایی قسەکانیدا مامۆستا ڕێزان وتی: خوێندن گرنگە، پێویستە خوێندکاران نەترسن وبێ دوو دڵى تا ئەوکاتەى دەگەى بە ئامانج نابێت کۆڵ بدەن، وەک ئەو زاناگەورەى کە زۆر بێ ئومێد بوو لە خوێنن ونەى دەتوانى دەرچێت تا رۆژێک چووە ەشکەوتێک بینى دڵۆپ دڵۆپ ئاوێک دەهاتە خوارێ دیارە ئەو ئاوە لەمێژە بەم شێوە دڵۆپەى کردبوو تا شاخەکەى کون کردبوو کە ئەوەى بینى وتى ئەوە بەو دڵۆپە ئاوە توانیویەتى ئەوشاخە کون بکات چۆن من ناتوانم بخوێنم و خوێندن تەواو بکەم.