گەمارۆدانی "هێڵی زەرد" و کەمیی بودجە ئازاری دانیشتوانی غەززە زیاتر دەکات
خەڵکی ئاوارەی غەززە بەهۆی فراوانبوونی «هێڵی زەرد» و قەتیسکردنیان لە ٣٠٪ی خاکی کەرتی غەززەدا، ڕووبەڕووی گەمارۆیەکی جوگرافیای توند دەبنەوە؛ لە کاتێکدا قەیرانی دارایی بەرنامەی خۆراکی جیهانی ناچار دەکات هاوکاری مانگانە بۆ نیو ملیۆن کەس کەم بکاتەوە.
ناوەندی هەواڵ
لەگەڵ بەردەوامی شەڕەکەدا، دانیشتوانی کەرتی غەززە ڕووبەڕووی کارەساتێکی مرۆیی بێ وێنە بوونەتەوە، گەڕەکەکان لە نێوان شەپۆلەکانی ئاوارەبوونی زۆرەملێی بەکۆمەڵ کە کاریگەرییان لەسەر زۆربەی دانیشتووان هەبووە، لە داروپەردوودا بچووک بوونەتەوە، ڕۆژانە ئازارەکان بەهۆی کەمی خۆراک و ئاو و جلوبەرگ و شوێنی نیشتەجێبوون توندتر دەبنەوە، ئەمەش بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی و نەخۆشی لەنێو ملیۆنان کەسی گەمارۆدراو کە هیچ پەناگەیەکی ئارامیان نییە.
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران ١٨ی تشرینی یەکەم، ڕایگەیاند، فراوانبوونی "هێڵی زەرد" لە کەرتی غەززە، هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان، ئازاری هاوڵاتییانی توندتر کردووە و خێزانە ئاوارەکانی ناچار کردووە دیسان ئاوارەببن، لە کاتێکدا هەزاران خێزان لە بارودۆخێکی مرۆیی سەختدا دەژین.
هێزەکانی ئیسرائیل تا ئێستاش لە دەرەوەی ئەو هێڵی زەردە جێگیرن، کە سەرەتا ناوچەیەکی دیاریکرد، کە نزیکەی نیوەی کەرتی غەززەی گرتەوە پێش ئەوەی ڕێڕەوەکەی بگۆڕێت و فراوانتر بێت بۆ ناوچە فراوانەکان، هەروەها ئیسرائیل ئەکتەرە مرۆییەکانی لە "هێڵێکی پرتەقاڵی" جیا ئاگادارکردووەتەوە، کە زیاتر دەستڕاگەیشتن بە ناوچە دانیشتووەکان سنووردار دەکات.
جەختی لەوە کردەوە، کە تا مانگی حوزەیرانی ڕابردوو، ئەم سنووردارکردنانە نزیکەی لە ٦٥٪ی کەرتی غەززەیان گرتۆتەوە، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی خۆیان لە نێوان هەردوو هێڵی (پرتەقاڵی و زەرد)دا گیریان خواردووە، لەگەڵ کەمبوونەوەی دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە مرۆییەکان و ژێرخانی گشتی و زەوییە کشتوکاڵییەکان، هەروەها گۆڕانی سنوورەکان بە شێوەیەکی کاریگەر دانیشتووانەکەی لە بەشێکی زەویدا قەتیس کردووە کە تەنها نزیکەی لە ٣٠٪ی کەرتی غەززە پێکدەهێنێت.
بەردەوامی ئازارەکان
ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران و ئۆفیسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA) جارێکی دیکە تیشکیان خستە سەر قەیرانی مرۆیی بەردەوام لە کەرتی غەززە، بەرنامەی جوڵەی دانیشتووان و بەدواداچوونی پێداویستییەکان لە مانگی تەمموزدا ١١٢٥ ئاوارەبوونی تۆمارکردووە بەهۆی ئەوەی پێی دەوترێت "هێڵی زەرد" بەرەو ڕۆژئاوا، ئەمەش دوای چۆڵکردنی زۆرەملێی خێزانەکان لە ڕۆژهەڵاتی شاری غەززە دوای دانانی بلۆکی کۆنکرێتی زەرد لە مانگی حوزەیران.
لە بەرەی ئەمنیشدا، ئۆفیسی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی (OCHA) سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەست بەردەوامبوونی توندوتیژی بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی پشتڕاستکردەوە، هەروەها کوژرانی لانیکەم هەزار و ٣٨٦ فەڵەستینی (کە زیاتر لە ٣٠٠ منداڵ و ١٣٠ ژنیان تێدایە) و برینداربوونی چوار هەزار و ٧٨٤ کەسی دیکەی لە نێوان ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ و ٢٨ی ئەیلوولی ٢٠٢٦ بەڵگە کردووە.
کەمیی بودجە
لە بەرەی مرۆیی، کەمیی دارایی توند هەڕەشەی بڕینی هاوکاری خۆراکی مانگانە بۆ نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس لە کەرتی غەززە دەکات، بەپێی بەرنامەی خۆراکی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوو لەسەر سێی دانیشتوانی کەرت دەناڵێن بەدەست نائاسایشی خۆراکی توندەوە.
ڕوونی کردەوە، کە پێشتر ناچار بووە ژمارەی ئەو کەسانە کەم بکاتەوە کە بەهۆی هاوکارییە مانگانەی پلان بۆ داڕێژراوەکەیەوە کراونەتە ئامانج بۆ تەنها ١.١ملیۆن کەس، لەبری ١.٦ ملیۆن، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو کەمیی داراییە ناچارییەی کە ڕووبەڕووی ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکانی بووەتەوە.