زیاتر لە ١٦ هەزار خوێندکار لە غەززە ڕووبەڕووی زیان بونەتەوە

١٦ هەزار و ٢٦٩ خوێندکار لە کەرتی غەززە بوونەتە قوربانی، بەهۆی بوردومانەکانی ئیسرائیلەوە شەش هەزار و ٥٠ خوێندکار کوژراون و ١٠ هەزار و ٢١٩ی دیکەش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

وەزارەتی پەروەردی غەززە ئامارێکی لە بارەی ژمارەى ئەو خوێندکارانەوە بڵاوکردەوە، کە بەهۆى هێرشەکانى ئیسرائیلەوە زیانیان بەرکەوتووە و لە خوێندن دابڕون، لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە سەرەتای شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە تا ئێستا ١٦ هەزار و ٢٦٩ خوێندکار لە کەرتی غەززە بوونەتە قوربانی.

 

وەزارەتەکە ڕوونیشیکردووەتەوە، بەهۆی بوردومانەکانی ئیسرائیلەوە شەش هەزار و ٥٠ خوێندکار کوژراون و ١٠ هەزار و ٢١٩ی دیکەش برینداربوون.

 

وەزارەتی تەندرووستی غەززە و وەزارەتی تەندرووستی ئیسرائیل، لە بارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا زانیارییان بڵاوكردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندرووستی غەزەدا هاتووە: بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا ٣٢ هەزار و ٩١٦ هاوڵاتیی لە غەزە كوژراون، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە ٧٥ هەزار و ٤٩٤ كەس، هەروەها بەهۆی شەڕ و پێكدادان و بۆردوومانەكانی سوپای ئیسرائیل، لە ماوەی ٢٤ كاتژمێری ڕابردوودا ٧١ كەس لە غەززە كوژراون و ١٠٢ـی دیكەش بریندار بوون.

 

ئەوەش خراوەتەڕوو، ١٧٩ ڕۆژە هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە، هەروەها ١٠ هەزار نەخۆشی شێرپەنجە هەیە، بەبێ چارەسەر ماونەتەوە، نزیكەی ٣٥٠ هەزار هاوڵاتیی نەخۆش لە غەززە بەبێ چارەسەرن، لەلایەكی دیكەشەوە، وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردووەتەوە ژمارەی كوژراوانی وڵاتەكەیان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.