وێنەی سەر دیوارەکانی تاڵیبان سەرئێشەیە بۆ ژنان

تاڵیبان لە مانگەکانی یەکەمی حوکمڕانیدا هەموو تابلۆکانی سەر دیواری، بە تابلۆکانی "گروپی شەو"یشەوە سڕییەوە، دەوترێت بە هاوکاری حکومەتی ئێران دروشمی پشتیوانی لە تاڵیبان نووسراوە.

 

بەهاران لاهیب

 

کابول- نیگارکێشانی سەر دیوار لە ئەفغانستان لەم دواییانەدا گەیشتە ئاستێکی بەرز، بۆ یەکەمجار دامەزراوەیەک دەستی بە کارکردن کرد بە بەکارهێنانی ئەو پارەیەی لە یەکێک لە دامەزراوە حکومییەکانی ئەمریکا بە ناوی "USID"  وەری گرتبوو،  زۆربەی چالاکییەکانی ئەم دامەزراوەیە پەیوەندی بە پاڵەوانکردنی بەشێک لە تاوانبارانی وڵات و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئیداریی بەربڵاوەوە هەبوو، کە هەموو دامودەزگا حکومییەکانی گرتبووەوە، لە دوای ئەوەوە، گروپە بچووکەکانی دیکەش بە پێی تێڕوانینی فیکری خۆیان دەستیان کرد بە نیگارکێشانی دیوارەکانی وڵات

 

لەناو گروپەکاندا، کۆمەڵێک کچی خوێندکاری قوتابخانە و تازە نیگارکێش، سەرەڕای کەمی ئابووری پێویست و دەرفەتەکانیان، بەڵام هەمیشە ڕەنگی دیزاینەکەیان بە پارەی خۆیان دەکڕی و بە ئاستێی هۆشیاری بەرزەوە دیوارەکانیان دەنەخشاند، ئەگەرچی چەندین جار پارەیان پێشکەش کرابوو، بەڵام هەموو جارێک ڕەتیان کردبووەوە، ئەوان گەیشتبوونە ئەو زانیارییەی کە بە پارە، ئازادی فیکریی خۆیان نەفرۆشن.

 

گروپەکە ناویان "شەوگەرد" بوو، لەسەر دیوارەکانی کابول وێنەی مینا، پێشەنگی کۆمەڵگەی شۆڕشگێڕی ژنانی ئەفغانستان-ڕاوا، مەلالی جۆیا، یەکەم ژن کە لە وتارێکی سێ خولەکیدا بکوژانی کابولی بە تاوانبار ناوبرد، بەڵقیس ڕۆشان، ئەو ژنەی هەمیشە دەنگی گەل بوو لە پەرلەمانی ئەفغانستان)یان نەخشاند، جگە لەمە چەندین ڕووخساری ژنانی قارەمانیان دەنەخشاند.

 

بەڵام تاڵیبان لە مانگەکانی یەکەمی حوکمڕانیدا هەموو تابلۆکانیان، بە تابلۆی گروپی "شەوگەرد"یشەوە سڕیەوە، لە جیاتی ئەوە، دەوترێت بە هاوکاری حکومەتی ئێران دەستیان بە نووسینی دروشمی پشتیوانی لە تاڵیبان و ئەو دروشمانەی کە هانی ژنان دەدەن بۆ پۆشینی حیجاب نووسراون، وێنەی سەر دیوارەکان ئێستا ڕووخساری دەسەڵاتی تاڵیبانیان لە کابول وەرگرتووە و زۆربەی پارێزگاکان، بە هەموو لایەکدا ئاڵا و دروشم دەبینرێت، کە بەرگری لە تاڵیبان دەکەن، ئەفغانییەکانیش پێیان وایە ئەم دۆخە بۆ هەمیشە ناخایەنێت و ڕۆژێک بە ڕاپەڕینێکی جەماوەری ئەم ڕژێمەش دەڕووخێنرێت.