ئەکتەرێکی ئێرانی لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد
توران مهرزاد، ئەکتەری ئێرانیی کە لە ساڵی ١٩٣٠ لە تاران لەدایکبووە، لە چەندین بەرنامەی تەلەڤیزیۆنیدا کاری کردووە، کۆچی دوایی کرد.

ناوەندی هەواڵ
توران مهرزاد، ئەکتەری ئیرانی و شارەزای ڕادیۆ، شانۆ، سینەما، تەلەفزیۆن و دەنگی هەمیشەیی بەرنامە ڕادیۆییەکان، ئێوارەی ١٩ی کانوونی یەکەم لە نەخۆشخانەی پاستۆرینۆ لە تاران لە تەمەنی ٩٣ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
لە کۆتا ڕۆژەکانی ژیانیدا، توران مهرزاد تووشی هەناسەتەنگی و کەمی ئۆکسجین بووە و دوای دوو ڕۆژ لە چارەسەرکردنی لە نەخۆشخانەی پاستۆرینۆ لە تاران، گیانی لەدەستدا و ڕۆژی شەممە ٢٣ی کانوونی یەکەم لە شوێنی بینای مێژوویی قەڵای ڕادیۆ لەگەڵ هونەرمەندان بەخاک دەسپێردرێت.
جێی ئاماژەیە هونەرمەند توران مهرزاد لە ساڵی ١٩٣٠ لەدایکبووە و لە ساڵی ١٩٤٤ەوە دەستی بە چالاکی هونەری کردووە لە شانۆدا، دواتر بەردەوام بوو لە چالاکییەکانی بە ڕۆڵگێڕان لە بەرنامە ڕادیۆییەکاندا و بەشداری لە فیلم و زنجیرەدا کردووە و ڕۆڵی نەمری لە بواری ڕادیۆ و شانۆدا بەجێهێشتووە.