ئیسرائیل بەردەوامە لە بە ئامانجگرتنی سیستماتیکی تیمەکانی ڕۆژنامەوانی لە غەززە

بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کە ماوەی ١٠ ڕۆژە بەردەوامە، نزیکەی ١١ ڕۆژنامەنووس گیانیان لەدەستداوە.

ڕەفیف ئەسلیم

 

غەززە - ئیسرائیل بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە و تیمە ڕۆژنامەوانییەکان دەکاتە ئامانج کە کار دەکەن بۆ گەیاندنی وێنەی ئەو ڕووداوانەی لە شارە گەمارۆدراوەدا ڕوودەدەن، تا ئێستا نزیکەی ١١ ڕۆژنامەنووس بەهۆی هێرشەکانەوە گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٢٠ ڕۆژنامەنووسیش بریندار بوون، جگە لەوەی پەیوەندی لەگەڵ دوو تیمی ڕۆژنامەوانی پچڕاوە و چارەنووسیان نادیارە.

 

سەبا ئەبو عەمرە، ڕۆژنامەنووس لە ڕایگەیاند، ژنان و منداڵان ٥٢٪ی ژمارەی کوژراوان پێکدەهێنن کە ئیسرائیل دەیانکاتە ئامانج و هەموو ڕۆژێک دەستدرێژیەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە چڕتر دەکاتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی بابەتەکە زیاتر ئاڵۆزتر دەکات بوونی ٥٠ هەزار ژنی دووگیانە لە کەرتی غەززە، کە ٥٥٠ ژنن و لەو دۆخەدا لە دۆخی منداڵبووندان، لەکاتێکدا نەخۆشخانەکان داخراون و سووتەمەنی و کەرەستەی پزیشکییان تەواو بووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی بەئامانجکردنی بیناکانی تەنیشتیان ژمارەیەک نەخۆشخانە لە خزمەتگوزاری دەرچوون، هەروەها مەحاڵە نەخۆشانی شێرپەنجە و گورچیلە ژەمی چارەسەری وەربگرن، لە ئەنجامدا سەدان کەس ئەمڕۆ چاوەڕێی مردنن، دەیان خێزان هێشتا لە ژێر داروپەردوودان و تیمەکانی بەرگری شارستانی نەیانتوانیوە ڕزگاریان بکەن.

 

سەبا ئەبو عەمرە وتیشی: ترس لە بڵاوبوونەوەی پەتا و نەخۆشیەکان ڕۆژانە زیاد دەکات لە ئەنجامی کەڵەکەبوونی ٤٧٠ هەزار ئاوارە لە پەناگەکاندا لە باشووری کەرتی غەززە، ئەم وێنەیە شتێک نییە ئیسرائیل بیەوێت بیگەیەنێتە جیهان، بۆیە ڕاستەوخۆ کادیرانی ڕۆژنامەگەری دەکاتە ئامانج، لەکاتێکدا یاسا و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان جەخت لەسەر پاراستنی ڕۆژنامەنووسان لە کاتی کارکردنیان لە شەڕەکاندا دەکەنەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەرچەندە ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی هێلەک و ئامڕازی جیاکردنەوەیان لەگەڵ خەڵکی مەدەنی لەبەر دەکەن، بەڵام ئیسرائیل بە مەبەست دەیانکاتە ئامانج، جگە لەوەی لە سەرەتای هێرشەکەیەوە بۆ سەر کەرتی غەززە دەیان ڕێکخراوی ڕاگەیاندنی کردووەتە ئامانج.

 

سەبا ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەم بەئامانجکردنە سیستماتیکە بەردەوام بێت، ئەوا تیمەکانی ڕۆژنامەوانی ناتوانن بەردەوام بن لە کارەکانیان و ڕووماڵەکانیان، هەربۆیە تاوانەکانی ئیسرائیل بە نهێنی دەمێننەوە و شارە بچووکەکە لە جیهانی دەوروبەری داببڕێت، داوای لە جیهانی شارستانی و ئازادیش کرد هەنگاو بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی بنێن و  لە کاتی گواستنەوەی هەواڵ و زانیاری سەبارەت بەو کۆمەڵکوژییانەی لە غەززە ڕوودەدەن، وردبین بن.