ناوی مهاباد و پیرانشار لە نەخشەی ئێرانسێڵدا دەگۆڕدرێت

تۆڕی ئێرانسێل لە هەنگاوێکی چاوەڕوان کراودا، لە نەخشە ئاسمانییەکەیدا ناوی پیرانشاری بە خانە و مهابادی بە سویۆک بەلاغ گۆڕیوە و چالاکوانێکی مەدەنیش دەڵێت: تۆڕی ئێرانسێڵیش وا دەزانێت بە گۆڕینی ناوی شارەکان، ناسنامەی شارەکان لەناو دەچێت.

یارا ئەحمەدی

 

مهاباد- لە سەردەمی لەشکرکێشی مەغۆلەکانەوە تا کۆچی نەتەوەکانی دیکە بۆ کوردستان گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان بوونی هەبووە، هەرچەند دژی ئەم گۆڕانکارییانە خەباتی سیاسی و مەدەنی بەڕێوەبراوە و تا ئاستێک بێ کاریگەر کراوە، بەڵام لە هەندێک ناوچەدا، هێشتا کاریگەریەکەی ماوەتەوە.

 

ڕێگەیەکی لەناوبردنی شوناس، گۆڕینی ناوی ناوچەکانە، ئەم دیاردەیە دەتوانێت زیانبەخش بێت و زەمینە بۆ داگیرکارییە کولتوورییەکانی دیکە و دەستبەسەرداگرتنی مێژوو و ناسنامەی نەتەوە بکاتەوە، ئەگەر لە کۆمەڵگەدا هۆشیاری و ڕۆحی بەرخۆدانی پێویست نەبێت، ئەمە دەتوانێت وێرانکەرترین فاکتەری گۆڕانی شوناس بێت، تەنانەت چەندە بە هێواشیش بەڕێوە بچێت.

 

ئێستا کە زۆرێک لە ناوچەکانی کوردستان بە سیاسەتی ناو گۆڕینی حکومەت گۆڕانکاری بەسەردا دێت، لە پارێزگای ورمێ زۆربەی ئەو گۆڕانکاریانە لە ناوی گوند و ناوچەکانی خوی، ماکۆ، ورمێ، تەکاب و نەغەدە دەبینرێت، کە شارستانییەتی کورد-تورک و بە ئاستێکی بەرزتر ئاسەواری کورد بە گوند، شار و ناوچەکانەوە هەیە، ئەم گۆڕانکاری و داگیرکارییە، چ لە ڕابردوو و چ لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە ڕوونی دیارە.

 

گۆڕینی ناوی گوندەکان لەناو بردنی شوناسی نەتەوەیەکە

گۆڕینی ناوی گوندەکان یەکێکە لەو پلانانەی کە ڕژێمی ئیسلامی ئێران دایڕشتووە، بۆ نموونە ناوی قوم قەڵای بۆ قوم قەلعە و کەلە کاوی بۆ کلە گاوی ...هتد گۆڕیوە، لە بەرامبەردا ئەوەی ئێستا بەربەستێکی جدییە بۆ ئەم داگیرکارییە، خەڵکی ناوچەکەیە کە ناوی گوندەکان بە دروستی دەڵێنەوە.

 

لە هەنگاوێکی چاوەڕوان کراودا، تۆڕی ئێرانسێل کە دووەم تۆڕی بەرفراوانی ئێران دادەنێت، ناوی هەردوو شاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پیرانشاری بە خانە و مهابادی بە سویۆک بەلاغ لە نەخشەی تۆڕەکەیدا گۆڕیوە، ئەم کارەی ئێرانسێل بەتەواوی ئامانجی لەناوبردنی شوناسی مێژوویی کوردستانە و ڕەنگە لە داهاتوودا ناوی هاوتای هەڵبژاردنەکە کە تورکییە بۆ ئەو شارانە بگۆڕدرێت.

 

بە پێی بەڵگە مێژووییەکان ناوە کۆنەکانی مهاباد کە لە ئاکامی هێرشی تورکەکاندا گۆڕدراون، میتان، ماداوا و سارادا بوون، دواتر سارادا بۆ ساوجبلاغی تورکی گۆڕاوە، بۆیە ناساندن و ناونانی ساختە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی فاشیستە ئێرانی و تورکەکان، کە ئامانجیان گۆڕینی شوناسی کوردە لە ناوچەکەدا.

 

سەمیرە.م چالاکێکی مەدەنییە، سەبارەت بە گۆڕینی ناوی شار و گوندەکان لەلایەن حکومەت و تۆڕی ئێرانسێڵەوە دەڵێت: حکومەت و هەندێک تۆڕی پەیوەندییەکان لە یەک هێڵی ئەمنیدان بۆ سەرکوتکردنی خەڵک، ئینتەرنێتی خەڵکیان لە کاتی ناڕەزایەتییەکان بڕیوە، ئێستاش لە نەخشەکاندا ناوی شارەکانی کوردستان دەگۆڕن، حکومەت ئامانجی ئاسمیلەکردنی کولتوورییە، بەڵام مێژوو و ناسنامەی کوردستان لەناو ناچێت، تۆڕی ئێرانسێل واها دەزانێت بە گۆڕینی ناوی شارەکان لەسەر نەخشەکەی، شوناسی کورد لەناو دەبات، بەڵام ئەگەرچی بۆ ماوەیەکی کاتی ناوەکە لەسەر نەخشەکە لاببات، بەڵام لە واقیعدا ئەم هەرێمە بوونی هەیە و پێویستە مامەڵە لەگەڵ ئەم سیاسەتەی حکومەت بە هۆشیاری کولتوورییەوە بکرێت.