پیلانگێڕیی و ساڵە جیاوازەکان لە یەک وێستگەی مێژوویدا بەیەک دەگەن

لە زیندانیکردنی ڕێبەر ئۆجالانەوە بۆ داگیرکردنی سەرێکانی و گرێ سپی، ڕێککەوتنی ٩ی تشرینی یەکەم، بۆردومانی ئاسمانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، داگیرکاری تورکیا دوای شکستی هەوڵ و پلانەکانی، بەردەوامی پیلانگێڕی نێودەوڵەتییە.

سیلڤا ئیبراهیم

 

مەنبج- پیلانگێڕی نێودەوڵەتی کە گەیشتووەتە ٢٥ەم ساڵی، بە چەندین ڕێگا و شێواز بەردەوامە بۆ بە ئامانجکردنی ڕێبازی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و گەل، ئەوەش دوای ئەوەی شکستیان هێنا لە دابڕاندنی لە گەلەکەی.

 

تورکیا بەروار و ڕۆژی دیاریکراو هەڵدەبژێرێت بۆ بەردەوامبوون لەو پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەی کە لە دژی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان لە ۹ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٨ بە دەرکردنی لە خاکی سووریا دەستیپێکرد، لەهەمان ڕۆژدا تورکیا و بەکرێگیراوەکانی لە ساڵی ٢٠١٩ هێرشیان کردە سەر شارەکانی سەرێکانی و گرێ سپی، لە هەمان ڕۆژدا لە ساڵی ٢٠٢٠، ڕێککەوتنێک لە نێوان حکومەتی عێراق و پەدەکە  کە لەلایەن تورکیاوە فەرمانی پێکرابوو دژ بە خەڵکی شەنگال لە هەرێمی کوردستان واژۆ کرا، لەمساڵیشدا زنجیرەیەک هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و فڕۆکەی جەنگی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەستیپێکرد و هەموو دامەزراوە و ژێرخانە گرنگەکانی کردە ئامانج، پێنج ڕۆژ بەر لە ٢٥ەم ساڵیادی پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکە، هەموو ئەمانە لەبەرچاوی هەموو جیهان ڕوویدا کە هێشتا بێدەنگن و ڕۆڵی بینەرێک دەگێڕن.

 

سەرەتای پلانەکە

ئاسیا حسێن، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی زەنۆبیا لە شاری مەنبج کە ژنێکی ئاوارەی سەرێکانییە، لەبارەی سیاسەتە سیستماتیکییەکانی تورکیاوە وتی: هەر کاتێک ساڵیادی دەستپێکردنی پیلانگێڕییە نێودەوڵەتییەکان نزیک دەبێتەوە، تورکیا بە ڕێگای جیاواز کار دەکات بۆ بەردەوامبوونی، کاتێک ڕێبەر ئۆجالان دوای زنجیرەیەک هەڕەشە لە سووریا دەرکرا، چووە وڵاتێک هەرچەندە دەیزانی کە مافی پەنابەری سیاسی وەرناگرێت، چونکە یاساکانی ئەو وڵاتانەی کە ڕێبەر ئۆجالان تێیدا نیشتەجێ بوو، مافی پەنابەرێتی سیاسی نابەخشێت بەو کەسانەی کە لەسەر ڕووی نێودەوڵەتییەوە داواکراون، ڕێبەر ئۆجالان هەوڵی دەدا پەیامەکەی بگەیەنێت بە هەموو جیهان، بەڵام سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتان لە نەوەد وڵات زیاتر بوون،  تەنانەت بەشێکی بچووکی لە خاکەکەیان وەرنەگرت.

 

ئاماژەی بەوەکرد، هەرچەندە پەیامەکەی و مەبەستەکەی پەیامێکی ئاشتی و دیموکراسی بوو لەنێو گەلدا و هیچ تاوانێکی لە دژی هیچ کەسێک ئەنجام نەدا، بەڵام داواکارییەکانی بە زیندانیکردنی لە دوورگەی ئیمراڵی جێبەجێکرا، لێرەشدا دووڕووی داواکاری گشتی مافەکانی مرۆڤ دەردەکەوێت وەک سەرۆکەکانی دەوڵەت کە تاوانی جەنگ و کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدەن و ئازادن، لە کاتێکدا ڕێبەر ئۆجالان لەبەر ئەوەی پەیامی ئاشتی هەڵگرتووە لە جیهان و گەلەکەی دابڕێندراوە، وتیشی: لەبەر ئەوەی بیر و فەلسەفەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان کۆمەڵگەکان لە دژی کۆیلایەتی و بازرگانانی جەنگ و سەرمایەداری بەهێز دەکات و داوای بنیادنانی نەتەوەیەکی دیموکراتیک دەکات کە گەل یەکبخات و چەمکی پێکەوەژیان پتەو بکات، ئەمە پێچەوانەی هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانە، چونکە ئەوان بە بیری شۆڤینیستن کە خۆیان بنیاد دەنێن و کاریگەری خۆیان لەسەر بەردەوامبوونی جەنگەکان و قووڵکردنەوەی قەیرانەکان و خوێنڕشتن بەدەستدەهێنن ئەم دەسەڵاتە فاشیستانە کەسی ئازاد وەک هەڕەشەیەک بۆ سەر بوونی خۆی دەبینێت.

 

پوچەڵکردنەوەی پلانەکە

ئاسیا حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک پلانگێڕییەکە لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ ئەنجامدرا و ڕێبەر ئۆجالان لە دوورگەی ئیمراڵی زیندانی کرا، پیلانگێڕەکان پێیان وابوو ئەو فەلسەفەیەیان لەناوبردووە، ملیۆنان کەس لە گەنجان و ژنان چوونە مەیدانەکان و پشتیوانی خۆیان دووپاتکردەوە و پلانەکەیان ڕەتکردەوە و خەڵکێکی زۆر ئاگریان لەخۆیان بەرداو بۆ دەربڕینی ناڕەزایی و توڕەیی خۆیان لە دەستگیرکردنەکە، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.

 

وتیشی: ڕێبەر ئۆجالان ئێستا لە زینداندایە و چەندین ساڵە گۆشەگیرییەکی توندی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام ئێستا بیر و فەلسەفەی ئەو لە دڵ و مێشکی ئەوانەدا دەژی کە بەدوای ڕاستی و ئازادیدا دەگەڕێن، ئەو وڵاتانەی کە پیلانەکەیان داڕشتووە نەگەیشتوون بە ئامانجەکانیان و ناگەنە ئامانجەکانیان.

 

ژنان لە دەوری فەلسەفەی ئۆجالان

سەبارەت بە هەوڵی ژنان و شوێنکەتنی هەنگاوەکانی ڕێبەر ئۆجالان و داواکاری ئازادکردنی، وتی: زۆر شۆڕشگێڕ هەن کە ناوەکانیان لە سەرووی مێژوو و شۆڕشی گەلانەوە بووە، بەڵام هیچ شۆڕشگێڕێکمان نەدۆزییەوە کە سەیری پرسی ئازادی ژنان بکات، ڕێبەر ئۆجالان ژن و کێشەی ئازادی لە سەرەوەی داواکارییەکانی و پرۆژە و فەلسەفەکەی بوو، یەکەم کەس بوو کە کێشەکانی ژنانی بەرزکردەوە کە بەدرێژایی مێژوو لە ژێر کۆیلایەتییدا بوون، بینیمان چۆن ژنان لە هەموو پێکهاتەکان بە بیرو فەلسەفەی ڕێبەر گۆران.

 

سەبارەت بە بەردەوامی پلانەکە بە شێوە جۆراوجۆرەکانی، وتی: تورکیا بە مەبەست بەروار و ڕۆژی دیاریکراو هەڵدەبژێرێت بۆ بەردەوامبوون لە پلانگێڕی دژ بە لەناوبردنی ئەو گەلانەی کە بەردەوامن لە ڕۆیشتن و خەبات لەسەر ڕێگای ڕێبەر ئۆجالان، ئامانجی تورکیا ڕێبەر ئۆجالان نییە، بەڵکو بە ئامانجکردنی بیری ڕێبەر ئۆجالانە کە هۆکاری ئەو شۆڕشە بوو کە لە ڕۆژئاوا بەدەستهێندرا.

 

ئاماژەی بەوەدا هێرشەکەی سەر سەرێکانی و گرێ سپی و داگیرکردنیان لە ٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، بەردەوامبوونی پلانەکەیە، تورکیا هەموو یاسا نێودەوڵەتییەکانی پێشێلکردووە و سەروەریی وڵاتانی دراوسێی پێشێلکردووە لە کاتێکدا هەموو جیهان چاوی لەوەیە کە ڕوودەدات، هێرشەکان و پیلانگێڕییەکان تەنها بەوەوە نەوەستاون، شەنگال لە ٩ی تشرینی یەکەم بە هاوکاری پەدەکە و حکومەتی عێراق کرایە ئامانج بۆ لاوازکردنی ئیرادەی ئەو گەلانەی کە خۆیان ڕێکخست دوای کۆمەڵکوژییەکەی ئابی ٢٠١٤.

 

سەبارەت بە زنجیرە هێرشەکانی ئەم دواییەی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و بە ئامانجگرتنی خەباتی ژنان، ئاسیا حسێن ئاماژەی بەوەدا، تورکیا تا ئەمڕۆش تۆڵە لە شکستەکەی دەکاتەوە، ئەو شەڕڤانانە دەکاتە ئامانج کە شوێن بیری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەکەون، وەک شەهید شەرڤین سەردار کە لەگەڵ هاوڕێکانی شەهید بوو، تەنها لەبەر ئەوەی ژنێکە کە خەباتی بۆ پاراستن و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگەکەی کردووە، هەروەها هەڤرین خەڵەف کە بۆ یەکێتی سووریا تێدەکۆشا، ئەو تاوانانەی تورکیا ئەنجامی دەدات یاساکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تێدەپەڕێنن.

 

"هاوکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ داگیرکاری زەمینەیە بۆ پیلانگێڕی و ئەنجامدانی جینۆساید"

ئاسیا حسێن داوای یەکخستنی ڕیزەکانی کوردی کرد و ڕەخنەی لە هاوکاری پەدەکە لەگەڵ تورکیا گرت و وتی: پێویستە مەسعود بارزانی پێداچوونەوە بە خۆیدا بکات و هاوکاری داگیرکاری نەکات، کچ و کوڕانی گەلی کورد نەکرێتە ئامانج کە لە ناوچەکانی بەرخۆدان خەبات دەکەن، ببێتە یارمەتیدەرێک بۆ هاوڵاتیانی نەک بۆ داگیرکردن، چونکە تورکیا ئامانجی کۆتایی هێنان بە کوردەکانە و پێویستە گەلی هەرێمی کوردستان هەڵوێستێک دەرببڕن.