ئەمنستی ئینتەرناشناڵ: تاوانەکانی جەنگ بەهۆی مردنی هاوڵاتیانی مەدەنی لە سودان بەربڵاون

ئەمنستی ئینتەرناش لە ڕێگەی ڕاپۆرتێکی نوێوە بە ناونیشانی "مردن هات بۆ ماڵەکانمان" ئاماژەی بەوەکردووە، خەڵکی مەدەنی لە سودان لە "ترسێکی چاوەڕواننەکراودا" دەژین لە کاتێکدا هەردوو لایەنی شەڕەکە تاوانی جەنگ دژی هاوڵاتیانی مەدەنی ئەنجام دەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی "ئەمنستی ئینتەرناشناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە بڵاوکرایەوە رایگەیاند، هەزاران کەس کوژراون و برینداربوون لەو کاتەوەی شەڕی سودان لە ناوەڕاستی مانگی نیساندا لەنێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا "RSF" و سوپادا دەستیپێکردو ژنان و منداڵانی کچی تەمەن ١٢ ساڵان ڕووبەڕووی توندوتیژی سێکسی بوونەتەوە.

 

ڕێکخراوەکە بەڵگەنامەی توندوتیژی سێکسی دژ بە ژنان و هێرشکردنە سەر نەخۆشخانەکان و تاڵانکردنی هەردوو لایەنی شەڕەکەی تۆمارکردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، هەندێک لەو پێشێلکارییانە دەبێت بە تاوانی جەنگ سەیر بکرێن.

 

ئاگنێس کالامارد، سکرتێری گشتی ئەمنستی ئینتەرناشناڵ وتی: خەڵکی مەدەنی لە سەرانسەری سودان هەموو ڕۆژێک لە تیرۆرێکی چاوەڕواننەکراودا دەژین لە کاتێکدا هێزەکان بە شێوەیەکی بێڕەوشتی کێبڕکێ دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەکان، خەڵک لەناو ماڵەکانیاندا دەکوژرێن، یان لە گەڕانێکی نائومێدانەدا بەدوای خۆراک و ئاو و دەرماندا دەگەڕێن، لە کاتی هەڵهاتنیان و بە مەبەست لە هێرشی ئامانجکراودا تەقەیان لێکراوە.

 

ئاگنێس کالامارد داوای لە سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا کرد کۆتایی بە ئامانجکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی بهێنن، جەختیشی کردەوە لەسەر پێویستی گرتنەبەری هەنگاوی بەپەلە بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و ڕزگاربووان.