دەنگی خۆپیشاندەرانی سوەیدا تا ئێستا بەردەوامە

دەنگی خۆپیشاندەران لە شاری سوەیدای سووریا کە داوای ئازادی دەکەن، هەموو ڕۆژێک لە گۆڕەپانی "کەرەمە" بەردەوام بەرز دەبێتەوە و جەخت لەوە دەکەنەوە کە، بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتییەکان تا ئەو کاتەی هەموو داواکارییەکانیان بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی بەدی دێت.

ڕوشیل جونیور

 

سوەیدا- بەشداربووانی ناڕەزایەتییەکانی شاری سوەیدا دووپاتیان کردەوە، حکومەتی دیمەشق هەرچەندە فێڵ و تەڵەکە بەکاربهێنێت، ئیرادەی ئەوان بۆ داوای ئازادی و ڕووخاندنی ڕژێم ناشکێنێت.

 

سەرەڕای کەشوهەوای گەرم، قوڕگی ژنان بە دروشمی ئازادی دەنگی دایەوە، خۆپیشاندەرانی شاری سوەیدا سووریا لە هەموو شارەکانەوە ڕوویان لە گۆڕەپانی کەرەمە کرد بۆ یادکردنەوەی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژی هەینی کە بە دروشمی "لە گەنجانەوە، بۆ گەنجان" بەڕێوەچوو، خەڵک پێداگری خۆیان لەسەر بەردەوامبوونی شۆڕش بە شێوەیەکی ئاشتیانە دووپاتکردەوە.

 

شەهیرە ترودی، بەشداربووی ناڕەزایەتییەکان ڕایگەیاند، هێزەکانی حکومەتی دیمەشق بەروبوومەکانی هاوڵاتیان دەسوتێنن بۆ ئەوەی گوشار دروست بکەن، وتی: رژێم کار بۆ سوتاندنی بەروبوومی کشتوکاڵیمان دەکات و هەوڵدەدات بۆ بژێوی ژیانمان فشار بخەنە سەر خەڵکی یاخیبوو.

 

سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی خەڵک ڕوونی کردەوە، ئەو هەڵبژاردنانە نوێنەری دەسەڵاتن و دەسەڵات سودمەندن و هیچ هاوڵاتیەک سودمەند نابێت، بۆیە هاوڵاتیان بایکۆتی هەڵبژاردن ناکەن، بەڵکو بەشێوەیەکی هەمیشەیی ڕێگری لێدەکەن، چونکە نوێنەرایەتی ئەوان ناکات.

 

مونا عەبدوڵا، ژنێکی گەنجی خەڵکی دیمەشقە، ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی دیمەشق بەبێ هیچ تۆمەتێک بە ئارەزووی خۆی دەستگیری کردووە بۆ ترساندنی، دەڵێت: ئەم ڕژێمە لەگەڵ ئێمەدا بە هەموو شێوازەکانی خۆی کاری خراپ دەکات، سەرەتا لە زڕاندنی ناوبانگمان دەستی پێکرد و ئێستا هەوڵی ترساندن دەدات و دەستگیرمان دەکات، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە ٣٠٠ ڕۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەکان تێپەڕیووە، ژنان ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ئیرادەیان زیاتر دەبێت بۆ داوای مافەکانیان لە پێناو منداڵەکانیاندا، بۆ ئەوەی بتوانن لە ژینگەیەکی گونجاودا بیانژیەنن.

 

"٣٠٠ ڕۆژە بەردەوامین لە ناڕەزایەتیکردن"

سەعدە ئەبوئەمین، بەشداربوویەک کە بۆ هەمیشە لە گۆڕەپانەکەدا ئامادەیە و یەکێکە لە ژنانی شاری شەهبا، ڕایگەیاند، زیاتر لە ٣٠٠ ڕۆژە بەردەوامن بۆ ئەوەی مافەکانیان دەستەبەر ببێت، وتی: ئێمە هەوڵ دەدەین دەنگمان ببیسترێت، چونکە پەروەردەکردنی خێزان و جێبەجێکردنی پێداویستییەکانیان ئەرکی ئێمەیە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، تەنانەت سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیش بوونەتە شتێکی نەبوون، دەشڵێت: ئێمە بێ کارەبا، ئاو و پێداویستییە سەرەتاییەکانمان دەژین، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دۆخمان خراپتر دەبێت، بۆیە بانگەوازی بۆ هەمووان دەکەین یەکبگرن و دژی ڕووخاندنی ڕژێم بوەستنەوە.

 

ئەو دووپاتی کردەوە کە هێزەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بەمەبەستی ترساندنی خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی قەرەباڵغی خۆپیشاندەران تەقەمەنییان چاندووە، "نەیانزانی کە ناتوانن ئێمە بترسێنن و بێهیوامان بکەن لە داوای ئازادی".