"ڕێکخستن و بەرخۆدان ژنان ڕاپەڕینی سوەیدا بەرەو سەرکەوتن دەبات"

ڕاپەڕینی سوەیدا بە پێشەنگایەتی و بەشداری ژنان زیاتر لە ٣ مانگە بەردەوامە و داوای بنیادنانی سووریایەکی لامەرکەزی دەکەن کە دیموکراسی و ئازادی تیادا بەدیبێت.

شیرین محەمەد

 

قامیشلۆ- ژیان حسێن، ئەندامی هەماهەنگی ئەنجومەنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، داوای لە ژنانی شاری سوەیدای سووریا کرد، خۆیان ڕێکبخەن و ڕێڕەوی خەباتیان بەرزبکەنەوە بۆ هەنگاونان بەرەو بنیادنانی سووریایەکی لامەرکەزی لەسەر بنەمای ئازادی ژنان.

 

ڕاپەڕینی گەل لە شاری سوەیدای سووریا، لە چوارچێوەی دروشمەکانی داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ کە لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٥ بە کۆی دەنگ پەسەند کرا و پەیوەندی بە ئاگربەست لە سووریا و گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەی سیاسی دۆخەکە هەیە، پێی ناوە مانگی چوارەمەوە، ئەوەی ئەم ڕاپەڕینەی جیاکردەوە، ئامادەبوونی ژنانە لە خۆپیشاندانەکان و بەرزکردنەوەی وێنەی ژنانە، کە خۆیان کردووەتە قوربانی بۆ گەیشتن بە ئازادی.

 

ژیان حسێن، ئەندامی هەماهەنگی ئەنجومەنی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وتی: ئەوەی ئەم ڕاپەڕینە جیادەکاتەوە، بەشداریی گەورەی ژنانە لەم خۆپیشاندانانەدا کە ڕۆژانە ڕێکدەخرێن، کاتێک هەر کۆمەڵگەیەک بیەوێت ئازاد بێت، پێویستە ژنانی سەرەتا ئازادیی خۆی بەدەستبهێنێت، ژنانی سوەیدا درکیان بەوە کردووە کە ئازادییەکەیان گرنگی هەیە و ڕۆڵی هەیە لە ڕزگارکردنی کۆمەڵگەدا، بۆیە پێشەنگایەتی ڕاپەڕینیان کردووە و هەوڵدەدەن پێکەوە خۆیان و کۆمەڵگە پەرەپێبدەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئازادیی خۆیان بەدەستهێنا و لە هەموو بوارەکاندا خۆیان سەلماند، ئەمەش دوای ئەو شۆڕشەی لە ناوچەکە دەستیپێکرد و قوربانیدانی ئەو شەهیدانەی لەپێناو ئازادیدا گیانیان بەختکرد، ئەوان لە ڕێگەی ڕێکخستنەکانیان و پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیکەوە گەیشتنە ئەم ئاستە.

 

ژیان حسێن داوای لە ژنانی سوەیدا کرد ئاستی خەبات و بەرخۆدانیان بەرەو ئازادی و دیموکراسی بەرزبکەنەوە و دەڵێت: خەڵکی سوەیدا خۆپیشاندانی ئاشتیانەیان دەستپێکردووە، کە داوای بنیادنانی سووریایەکی لامەرکەزی و دیموکراسی دەکەن، هەروەها داوای جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ٢٢٥٤ دەکەن، تیایدا هەر پێکهاتەیەک دەتوانێت بە زمان و ڕەنگی خۆی نوێنەرایەتی خۆی بکات، ئەمەش هەنگاوە بەرەو کۆمەڵگایەکی ئازاد کە لەسەر بنەمای پێکەوەژیانی گەل دامەزراوە، وەک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریادا هەیە.

 

لە کۆتاییدا لەبارەی گرنگی ڕێکخستن و پەروەردەوە ژیان حسێن وتی: گرنگە بۆ ژنانی سوەیدا درک بەوە بکەن کە ڕێکخستن و بەرخۆدان تەواوکەری یەکترن لەسەر ڕێگای ئازادی، بۆیە لە پێناو ڕزگارکردنی هەموو ژنان و سووریا و بنیادنانی سیستەمێکی لامەرکەزی، ئێمە وەک ژنان دەبێ ڕیزەکانمان یەکبخەین، دەزانین کە ڕێگاکە قورس دەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەنجامەکان ئەوەیە کە ئامانجمانە.