٢٠٠ كارمەندی تەندروستی و ٦٠ ڕۆژنامەنووس كوژراون

بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٤  هەزار و ٨٥٤ كەس لە غەزە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠ هەزار كەس،

ناوەندی هەواڵ

 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی فەلەستین و وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین، لەبارەی ژمارەی كوژراو و بریندارەكانی جەنگی نێوانیانەوە، لە دوو ڕاگەیاندراوی جیادا ئاماری نوێیان بڵاو كردەوە.

 

لە ڕاگەیاندراوەكەی نووسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی غەززە هاتووە، بەهۆی بۆردوومانەكانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا زیاتر لە ١٤  هەزار و ٨٥٤ كەس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەروەها ژمارەی بریندارەكانیش گەیشتووەتە زیاتر لە ٣٠ هەزار كەس، كە پێنج هەزار و ٨٤٠ كەسیان منداڵن و سێ هەزار و ٩٢٠ كەسیان ژنن.

 

ئەوەش خراوەتە ڕوو، بەهۆی بۆردوومان و هێرشەكانی ئیسرائیلەوە زیاتر لە ملیۆنێك و ٥٠٠ هەزار كەس لە غەززە ئاوارە بوون و ٢٢٥ هەزار خانوو و ٢٦٢ خوێندنگە و ٩٧ بینای حكومی و ٨٣ مزگەوت و سێ كەنیسە زیانی پێگەیشتووە.

 

وەزارەتی تەندروستی غەززەش بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستا زیاتر لە شەش هەزار و ٨٠٠ كەس بێسەروشوێنن، نزیكەی ٢٠٠ كارمەندی تەندروستی و ٦٠ ڕۆژنامەنووسیش كوژراون و ٣٠ ڕۆژنامەنووسیش بریندار بوون و لە ٧٥٪ قوربانییەكان ژن و منداڵن.

 

لە ڕاگەیاندراوەكەی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستیندا هۆشداریی لە نەمانی دەرمان و كارەبا لە نەخۆشخانەكان دراوە.

 

وەزارەتی تەندرووستیی ئیسرائیلیش بڵاوی كردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی هێرشەكانی حەماسەوە گەیشتووەتە هەزار و ٤٠٠ كەس، كە ٣٠٨ـیان سەرباز بوون و نزیكەی پێنج هەزاری دیكەش برینداربوون.