٣٤٠٠ ژن لە ماوەی چوار مانگدا بێسەروشوێن بوون

نوسینگەی چاودێرانی پیرۆ ڕایگەیاندووە، لە نێوان سەرەتای ساڵ تا مانگی نیسان زیاتر لە سێ هەزار و ٤٠٠ ژن بێسەروشوێن بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاپۆرتێکی نوسینگەی چاودێرانی وڵاتی پیرۆ لە باشووری ئەمریکادا بە ناونیشانی "چییان بەسەر هاتووە؟"، ئاماژە بەوە کراوە کە لە چوار مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا زیاتر لە ٣ هەزار و ٤٠٠ سکاڵا سەبارەت بە بێسەروشوێن بوونی ژنان تۆمار کراوە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تەنها ١٩٠٢ ژن دۆزراونەتەوە و تا ئێستاش ١٥٠٤ ژن بێسەروشوێنن، ئیزابێل ئۆرتیز، جێگر لە نوسینگەی چاودێران وتی، "دۆخی دیارنەمانی ژنان لە پیرۆ وەک یەکێک لە دۆخە مەترسیدارەکان پۆلێن دەکرێت، دەوڵەت هیچ هەنگاوێک ناگرێتەبەر بۆ ڕێگریکردن لەم جۆرە دیاردانە، کە ساڵانە لە ناوچەکانی چیای ئەندیز دووبارە دەبنەوە، لەکاێکدا ژمارەی دانیشتووانەکەی ٣٣ ملیۆن کەسە".

 

ئیزابێل ئۆرتیز پێیوابوو کە "دەوڵەت پرسی بێسەروشوێنکردن (زۆربەی ڕفاندن و دەستبەسەرکردنی نایاسایی) ژنان ناکاتە یەکەمایەتییەکانی".

 

لە ساڵی ٢٠٢٢دا زیاتر لە ٥ هەزار و ٣٨٠ ژن کە زۆربەیان کچ و ژنانی گەنج بوون، بێسەروشوێن بوون، کە بە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢١ بە ڕێژەی ٩.٧٪ کەمترە، هاوکات بە گوتەی ڕێکخراوە ناحکومییە فێمینیستەکان، پۆلیس و داواکاری گشتی بە شێوەیەکی گونجاو لێکۆڵینەوە لە زۆر کەیس ناکەن، چونکە پێیان وایە ئەو ژنانە بە ئارەزووی خۆیان هەڵهاتوون.