کەناری ڕۆژهەڵاتی ئەمریکا خراپترین کەشوهەوای هەیە

واشنتۆن دی سی و فیلادلفیا خراپترین کوالێتی هەوایان هەیە بە بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو، چونکە ئاگرکەوتنەوەی توند لە کەنەدا بەردەوامە و کاریگەری لەسەر ملیۆنان کەس هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

بارودۆخی خراپی کەشوهەوا بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی چالاکییەکان و گەشتە زەمینییەکان لە سەرانسەری ئەمریکادا، نزیکەی ١٠٠ ملیۆن کەس لە ئەمریکای باکوور لە هەواییەکی زۆر خراپ دەژین.

 

داتاکانی پێوەرەکانی کوالیتی هەوای ئاژانسی پاراستنی ژینگەی ئەمریکا AQI دەریدەخەن کە شارەکانی ئەمریکای باکوور بەرەبەیانی پێنجشەممە خراپترین کوالێتی هەوایان لە جیهاندا هەبووە.

 

شارەکانی وەک واشنتۆن دی سی و فیلادلفیا و نیویۆرک کوالیتی هەوایان بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر بووە بە بەراورد بە شارەکانی دەرەوەی وڵات وەک لاهور و داکا و هانۆی، هاوڵاتیان بەردەوام ماسک دەبەستن بەهۆی کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر تەندرووستیان، هەروەها بە دەگمەن خەڵکی دێنە ناو بازاڕ و شەقامەکان بەڵکو لە ماڵەکانیان دەمێننەوە.

 

دوکەڵەکە بووەتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی سەردانی قوتابخانەکان و بۆنە وەرزشییەکان و هەروەها باخچەی ئاژەڵانی نیشتمانی داخرا، ئاژەڵەکان لەنێویاندا سێ پاندای زەبەلاح گواسترانەوە بۆ ئەوەی پەناگەیان بۆ دابینبکەن.

 

ژینگەی کەنەدا ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە بارودۆخی تۆرۆنتۆ خراپتر دەبێت، بەهۆی ئەوەی دوکەڵی زیاتر دەچێتە ناوەوەی شارەکە، ئاژانسەکە پێشنیاری کردووە هەر کەسێک لە دەرەوە بێت دەمامک بەکاربهێنێت.

 

لە بەیاننامەکەی ژینگەی کەنەدا دەڵێت "ئەم تەنۆلکە وردانە بەگشتی زۆرترین مەترسی لەسەر تەندروستی دروست دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئامێری هەناسەدان بەرکەوتن بەو گازانەی لە دوکەڵی ئاگرەکەوە دروست دەبێت کەم ناکەنەوە".

 

بەرپرسانی تەندروستی گشتی خەڵکیان ئاگادار کردووەتەوە کە لە دەرەوە وەرزش نەکەن و تا دەتوانن کەمترین بەرکەوتنیان هەبێت بۆ دوکەڵەکە، چونکە هەوا مەترسی تەندروستی دەستبەجێ و درێژخایەن دروست دەکات، شارەزایان دەڵێن بەرکەوتن بە دوکەڵی ئاگر دەبێتە هۆی کۆمەڵێک کێشەی تەندروستی، وەک ئازاری سنگ و هەوکردنی چاو و لووت و قوڕگ.

 

گۆڕانی کەشوهەوا مەترسییەکانی کەشوهەوای گەرم و وشک زیاد دەکات کە ئەگەری زۆرە ڕوودانی ئاگرکەوتنەوەکان زیاتر ببێت.

 

جیهان لە سەرەتای سەردەمی پیشەسازییەوە نزیکەی ١.٢ پلەی سیلیزی گەرم بووە و پلەکانی گەرما بەردەوام بەرز دەبنەوە، هەر بۆیە حکومەتەکانی جیهان دەبێت کاربکەن بۆ کەمکردنەوەی بەرچاو لە دەردانی گازی ژەهراوی.