ژنانی هندستان ماڵی تۆمەتبارێکی دەستدرێژی سێکسییان سووتاند

ژنانی هیندستان لە مانیپور، ئاگریان لە ماڵی تۆمەتبارێک بەردا کە دەستدرێژی سێکسی کردبووە سەر دوو ژن.

ناوەندی هەواڵ

 

پۆلیسی مانیپور ڕۆژی هەینی ٢١ی تەمموز ڕایگەیاند، ژنان لە ویلایەتی مانیپور لە باکووری ڕۆژهەڵاتی هندستان هێرشیان کردە سەر ماڵی گومانلێکراوە سەرەکییەکە لە دۆسیەیەکی دەستدرێژی سێکسیدا کە وڵاتەکەی توڕە کردووە.

 

بەپێی ڕاگەیەندراوی پۆلیس، ئەو کەسە لە مانگی ئایاردا دوو ژنی خێڵەکی ڕاکێشابووە سەر شەقامەکان و هانی چەتەیەکی داوە بۆ ئەوەی دەستدرێژی بکەنە سەریان و بە ڕووتی و بێ جلوبەرگ نمایشیان بکەن.

 

ئەو دەستدرێژییە سێکسییە زیاتر لە دوو مانگ لەمەوبەر ڕوویدا، بەڵام سەرنجی نەتەوەیی ڕاکێشا دوای ئەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لەم هەفتەیەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و بووە هۆی نائارامی لە مانیپور.

 

هەروەها بووە هۆی ئەوەی کە ناریندرا مۆدی، سەرۆک وەزیران یەکەم لێدوانی گشتی خۆی دەربارەی دۆخەکە لە وڵاتەکەدا بدات، ئەم ڕووداوەی مانیپور کە بۆ هەر کۆمەڵگەیەکی شارستانی ڕوون بووەتەوە، ڕووداوێکی شەرمەزارکەرە.