لەناو بێدەنگی نێودەوڵەتیدا ئیسرائیل بەردەوامە لە ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژی هاوڵاتیان

شەڕی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس پێی ناوەتە ١١٧هەمین ڕۆژی خۆیەوە و لە ئەنجامدا دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستداوە، زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون و بەدەست بارودۆخی کارەساتبارەوە دەناڵێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ئیسرائیل ١٣ کۆمەڵکوژی لە دژی خێزانەکانی غەززە ئەنجامدا و لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ١١٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٤٩ کەسیش بریندار بوون، ژمارەیەکیان تا ئێستاش لە ژێر داروپەردوودان و لەسەر ڕێگاکانن، بەپێی ڕاپۆرتی وەزارەتی تەندروستی لە غەززە، ئیسرائیل ڕێگری دەکات لە گەیشتنی تیمەکانی ئەمبولانس و بەرگری شارستانی بە قوربانیان.

 

سەرچاوە فەلەستینییەکان ڕایانگەیاند، دوای بۆردوومانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی شاری خان یونس، شەش کەس گیانیان لەدەستدا و دەیانی دیکە برینداربوون، هەروەها لە گەڕەکی دەراج لە ڕۆژهەڵاتی کەرتی غەززە دەیان کەسی مەدەنی برینداربوون.

 

ماڵە مەدەنییەکان لە گەڕەکەکانی ئەلزەیتون و ئەلریمال ڕووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بوونەوە، ئەمبولانسەکان بەهۆی بەردەوامی بۆردوومانەکانەوە ناتوانن بگەنە بریندارەکان و دەکرێنە ئامانج.

 

ژمارەی گیان لەدەستداوانی هێرشە بەردەوامەکان بۆ ٢٦ هەزار و ٧٥١ کەس بەرزبووەتەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون و زیاتر لە ٦٥ هەزار و ٦٣٦ کەسی دیکەش برینداربوون، هاوکات زیاتر لە هەشت هەزار کەسیش تا ئێستا بێسەروشوێنن.

 

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا باران و کەشوهەوای سارد ئازاری ئاوارەکانی ناو چادرەکانی ڕەفەحی لە باشووری کەرتی غەززە زیاتر کردووە و گەورەترین ئازار ڕووبەڕووی منداڵان بووەتەوە، بەهۆی نەبوونی گەرمکەرەوە و خراپی بارودۆخی شوێنی مانەوە، ئەمەش دوای ئەوەی باران و لافاو چادرەکانی وێران کرد، فەلەستینییەکان لە کاتێکدا بەدەست نەبوونی سەرەتاییترین پێداویستییەکان دەناڵێنن، پێویستە ڕووبەڕووبوونەوەی کەشوهەوای زستان و بارودۆخی سەختی کەشوهەواش ببنەوە.