فشارەکان لەسەر پارێزەران لە ئێراندا پهرەسەندن بەخۆوە دەبینن
سەندیکای پارێزەرانی پارێزگای فارس ڕایگەیاند کە دۆسیەی دادوەری بۆ نزیکەی ٢٠ پارێزەر کراوەتەوە و ١٢ کەسیشیان لە دوای ناڕەزایەتییەکانی مانگی کانوونی دووەمەوە دەستبەسەر کراون، لە کاتێکدا سێ پارێزەری ژن دوای نزیکەی سێ مانگ لە دەستبەسەربوون ئازاد کراون.
ناوەندی هەواڵ
پارێزەران لە ئێران ڕووبەڕووی فشاری پهرەسەندوو دەبنەوە لەسەر بنەمای چالاکییە پیشەیی و یاساییەکانیان، بەتایبەتی لەو دۆسیانەی کە پەیوەندییان بە ناڕەزایەتییەکان و دۆسیە خاوەن ڕەهەندە سیاسییەکانەوە هەەیە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی ڕێکارە دادوەرییەکان بەرامبەر ژمارەیەک لەو پارێزەرانە و زیادبوونی ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە هەڕەشە و هێرشکردنە سەریان.
سەندیکای پارێزەرانی پارێزگای فارس ڕایگەیاند، کە دۆسیەی دادوەری بۆ نزیکەی ٢٠ پارێزەر کراوەتەوە و ١٢ کەسیشیان لە پاش ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەستبەسەر کراون، لە کاتێکدا سێ پارێزەری ژن لەم دواییانەدا و دوای بەسەربردنی نزیکەی سێ مانگ لە دەستبەسەرکردندا ئازاد کراون، لە کاتێکدا دۆسیەی ژمارەیەک لە پارێزەری دەستبەسەرکراو هێشتا لە لایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە تاوتوێ دەکرێن.
سەرۆکی لێژنەی پاراستنی پارێزەران لە سەندیکای پارێزەرانی فارس لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کە لێژنەکە بەدواداچوونی بۆ دۆخ ئەو پارێزەرانە کردووە کە دەستبەسەر کرابوون، هەوڵیدا بڕیارەکانی دەستبەسەرکردنی کاتی بگۆڕێت بۆ بارمتەی دارایی کە ڕێگە بە ئازادکردنیان بدات.
ڕوونیکردەوە، کە هەوڵەکانی سەندیکاکە بووە هۆی ئازادکردنی نۆ پارێزەر لە ماوەی نێوان هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە لە دەستبەسەرکردنیان، لە کاتێکدا سێ پارێزەری ژن بۆ ماوەی نزیکەی سێ مانگ لە دەستبەسەرکردندا مانەوە پێش ئەوەی لەم دواییانەدا ئازاد بکرێن.
ئاماژەی بەوەش کرد، کە دۆخی دادوەری دۆسیەکان لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێکی تر دەگۆڕێت، چونکە هەندێک لە کەیسەکان هێشتا لە قۆناغی دادگایی سەرەتاییدان، لە کاتێکدا کەیسەکانی تر گواستراونەتەوە بۆ قۆناغی پێداچوونەوە (ئستیئناف)، هاوکات بڕیاری کۆتایی لە دژی ژمارەیەک پارێزەر دەرچووە.
باسی لەوەش کرد، کە بڕیاری کۆتایی زیندانیکردن بۆ ماوەی یەک ساڵ و سێ ساڵ لە دژی دوو پارێزەر دەرچووە، لە کاتێکدا ڕێکارە دادوەرییەکان لە دۆسیەکانی تریدا بەبێ یەکلاکردنەوەی کۆتایی تاوەکو ئێستا بەردەوامن.
لە لایەکی ترەوە، سەرۆکی لێژنەکە باسی لە بەرزبوونەوەی ئاستی ئەو مەترسییانە کرد، کە پارێزەرانی پارێزگای فارس رووبەڕوویان دەبنەوە، ئاماژەی بە تۆمارکردنی دوو بۆ سێ حاڵەت لە هەفتەیەکدا کرد کە پەیوەندییان بە هەڕەشە، لێدان، بریندارکردن یان هێرشکردنە سەر پارێزەرانەوە هەیە، هەروەها ژمارەی ئەم ڕووداوانە دەگاتە نزیکەی ١٤ یان ١٥ حاڵەت لە مانگێکدا، لە ماوەی ئەم ڕووداوانەدا هەندێک لە پارێزەران بە سەختی بریندار بوون و هەندێکی تریش ڕووبەڕووی هەراسانکردن و هەڕەشە بوونەتەوە.
لە چوارچێوەی ئەو ڕێکارانەی کە لێژنەی پاراستنی پارێزەران گرتوویەتییە بەر، ڕاگەیاندرا، کە هێڵێکی تەلەفۆنی چوار ژمارەیی بە ژمارە (٣١٣٨) بە درێژای کاتژمێرەکان کارا کراوە، بە مەبەستی پێشوازیکردن لەو ئاگادارکردنەوە و ڕاپۆرتانەی پارێزەران کە پەیوەندیدارن بەو مەترسی و هەڕەشانەی لە کاتی جێبەجێکردنی کارەکانیاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
مەبەست لەم هێڵە گەرمە ڕێگە بە تۆمارکردنی ڕاپۆرتەکانی پەیوەست بە هەڕەشە و دەستدرێژی و مەترسییە پیشەییەکانی دیکەیە، کە لیژنەکە بتوانێت بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسانە بکات و ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر، بە وتەی سەرۆکی لیژنەی پاراستنی پارێزەران لە سەندیکای پارێزەرانی فارس.