دەفەگە ئاماری پێشێلکارییەکانی مانگی ئابی دژ بە ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا بڵاوکردەوە

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلەو فورات "دەفەگە" ڕاپۆرتی پێشێلکارییەکانی مانگی ئابی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند کە فشار، دەستبەسەرکردن و سانسۆری سەر ڕاگەیاندنی ئازاد و ڕۆژنامەنووسان لە تورکیا بەبێ وەستان بەردەوامە و مافی زانیاری وەرگرتنی گەل ئاستەنگ دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی دیجلە و فورات "دەفەگە" لە ڕاپۆرتەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ڕۆژنامەنووسان تەنیا بەهۆی ڕاپۆرتە میدیاییەکانیان یان بڵاوکراوەکانیان لە دیجیتاڵ میدیاکاندا ڕووبەڕووی لێپێچینەوە و دادگاییکردن دەبنەوە.

 

کۆمەڵەکە بە گشتی ئەم ئامار و پێشێلکارییانەی خوارەوەی بۆ مانگی ئاب تۆمار کردووە:

دەستبەسەرکردن: چوار ڕۆژنامەنووس (لە نێوانیاندا کارمەندانی ڕۆژنامەی ئایدن دەنگە) دەستبەسەر کراون.

دەستگیرکردن و زیندانیکردن: ڕۆژنامەنووسێک بە فەرمی زیندانی کراوە (ڕۆژنامەنووس ئیرەم دەلیجە سەرەتا بە مەرج ئازاد کراوە بەڵام دواتر بە پێداگری داواکاری گشتی دیسان دەستبەسەر و زیندانی کراوەتەوە).

لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە: دۆسیەی لێکۆڵینەوە بۆ پێنج ڕۆژنامەنووس کراوەتەوە (لەوانە زیلان ئازاد لە کەناڵی ئیلکی تیڤی بەهۆی چاوپێکەوتنێکەوە، ئەرتوگرۆڵ ئۆزکۆک گەورە ڕۆژنامەنووسی پێشووی حوڕییەت، لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان جان بۆرسالی و بورهان جان تەرزی).

دادگاییکردن: چوار ڕۆژنامەنووس لە چوارچێوەی دوو دۆسیەی جیاوازدا دادگایی کراون.

وەرگرتنی گوتە: گوتە لە دیلەک گاپی، سەرۆکی کۆمەڵەی ڕۆژنامەنووسانی ئیزمیر وەرگیراوە بەهۆی بڵاوکردەنەوەی ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی ڕۆژنامەنووسان.

 

سانسۆری دیجیتاڵی و بلۆککردنی پێگەکان:

ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەشێکی زۆری گوشارەکان لە ڕێگەی سانسۆری دیجیتاڵییەوە بووە. لەم مانگەدا پێگە و پلاتفۆڕمەکانی چەندین ماڵپەڕ لە تورکیا قەدەغە کراوە، هەروەها هەژماری چەندین ئاژانسی گرنگی وەک (میدیا خەبەر تیڤی، ئاژانسی فاتیح، ژن نیوز، ئاژانسی میزۆپۆتامیا) و چەندین ڕۆژنامەنووسی تر بلۆک کراون. هاوکات هەژماری یوتیوبی ژن نیووز بە تەواوی داخراوە.

 

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، کۆمەڵەکە داوای کردووە کە دەبێت دەستبەسەرکردن و دادگاییکردنی ڕۆژنامەنووسان کۆتایی پێبێت و پێویستە بە یاسا مافی ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی کاری ڕۆژنامەنووسی مسۆگەر بکرێت.