فەریما ئەمیر لە ئەفغانستان سەرەڕای سنووردارکردنی پەروەردە هیوای دروست کردووە
فەریما ئەمیر، ژنێکی گەنجی خەڵکی ناوچەیەکی دوورەدەستی دایکوندییە، بۆ ئەوەی بە کردنەوەی دوکانێکی بچووک ڕێگای خۆی بۆ داهاتوو دروست بکات، ڕووی لە بامیان کردووە.
بەهاران لەهیب
ئەفغانستان ـ دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢١دا، سنووردارکردنی دەستگەیشتنی ژنان و منداڵانی کچ بە پەروەردە و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان، چەندین ژن پەنایان برد بۆ پڕۆژە بچووکەکان و چالاکییە هونەرییەکان، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە ژیانیان و پاراستنی سەربەخۆیییان.
لە بازاڕی پیشە دەستییە هونەرییەکان لە شارۆچکەی بامیان، ژنان جلوبەرگی نەریتی و ئێکسسوارات لە کەپڕەکانیاندا نمایش دەکەن، لە نێویاندا فەریما ئەمیر هەیە، ژنێکی گەنج لە پارێزگای دایکندی، کە بەم دواییانە دوکانێکی بچووکی تایبەت بە خۆی کردووەتەوە، تێیدا خەریکی نەخشو مورو و بەرگدوورییە و بەرهەمەکانی دەفروشێت.
وتیشی: لە دایکندی هیچ خولێکی فێرکاری و قوتابخانەیەک نییە، تەنانەت قوتابخانە ئایینییەکانیش لە هەندێک ناوچەدا بوونیان نییە، خولە ماڵییەکانیش ڕێکناخرێن، بە شێوەیەکی گشتی کەرتی پەروەردە بە تەواوی وەستاوە، ژنان ناتوانن هیچ کارێک لە دەرەوەی ماڵ بکەن، و بەشداری لە هیچ چالاکییەکدا ناکەن.
فەریما ئەمیر، ڕوومیکردەوە، کە زۆرێک لە منداڵانی کچی دایکندی لە ماڵەکانیاندا ماونەتەوە، خەریکی بەرگدووری و کارەکانی ماڵەوە بوون، بێبەشبوون لە پەروەردە و نەبوونی دەرفەتی بەشداریی کۆمەڵایەتی بووەتە هۆی فشاری دەروونیی گەورە بۆیان، کە وای لە هەندێکیان کردووە پەنا ببەنە بەر هاوسەرگیریی پێشوەختە.
لە دەرفەتە لەدەستچووەکانەوە بۆ هەوڵدان بۆ بەردەوامیدان بە پەروەردە

فەریما ئەمیر لە دوای دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە، بێبەش کرا لە بەردەوامیدان بە خوێندنەکەی، وتی: دایکندی بەرەبەرە بەرەو پێشچوون دەڕۆشت، سەرباری دووریی جوگرافی و کەمیی دەرفەتەکان، چونکە منداڵانی کچ لە قوتابخانەکاندا دەیانخوێند و بەشدارییان لە خولەکانی فێربوونی زمانی ئینگلیزی و ئامادەکاری بۆ تاقیکردنەوەی چوونە زانکۆ دەکرد، بەڵام دوای داخستنی دامەزراوە پەروەردەیییەکان، زۆرێکیان ناچار بوون لە ماڵەوە بمێننەوە.
کاتێک نەیتوانی بەردەوام بێت لە خوێندنەکەی، پەنای بردە بەر قوتابخانە ئایینییەکان، بەڵام دووچاری سەختی بووەوە بەهۆی پرسی تەمەنەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەرێنیی لەسەر بارودۆخی دەروونیی هەبوو، چونکە هەستی کرد کە لە مافی خۆی لە پەروەردە و دەرفەتەکەی بێبەش کراوە.
فەریما ئەمیر لە ڕێگەی کردنەوەی دوکانێکی بچووکەوە هەوڵ دەدات تواناکانی پەرە پێبدات و داهاتێکی تایبەت بە خۆی بەدەستبێنێت.
کەمیی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان
کێشەکانی دایکندی تەنها لەسەر کۆتوبەستەکانی سەر پەروەردە و ژیانی کۆمەڵایەتیی ژنان قەتیس نابن، فەریما ئەمیر وتی: سروشتی شاخاویی پارێزگاکە و کەمیی ڕێگەوبانی گونجاو دەستگەیشتنی دانیشتووان بە خزمەتگوزارییە گشتییەکان سەخت دەکەن.
ئەمەش لە کەرتی تەندروستیدا، سەرباری بوونی ناوەندی پزیشکی لە پارێزگاکەدا، توانای بەردەست لە شارۆچکە دوورەدەستەکاندا سنووردارە، ڕوونیکردەوە، کە هەندێک لە ناوەندە تەندروستییەکان ئامێری پێشکەوتوو و پزیشکی خاوەن ئەزموونیان تێدا نییە، ئەمەش ژنان ناچار دەکات ڕوو لە ناوەندی پارێزگاکە بکەن بۆ منداڵبوون یان بەدەستهێنانی چاودێریی پزیشکیی گونجاو.
فەریما ئەمیر ئاماژەی بەوەشکرد، کە زۆرێک لە ژنان لە ناوچە دوورەدەستەکاندا لە زەوییە کێڵگەیییەکاندا کاریان دەکرد هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیدان بە خوێندنەکەیان، پێش سەپاندنی سنوردارکردنەکانی ئێستا، ئەو لەم ژنانەدا نموونەی هەوڵدان بۆ گۆڕینی بارودۆخی ژیان دەبینێت، هەوڵێک کە پێی وایە بووەتە خاوەن ئاستەنگ بەهۆی داخستنی دامەزراوە پەروەردەیییەکان و سنووردارکردنی بەشداریی ژنان لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا.
سەرباری بارودۆخە سەختەکان، فەریما ئەمیر وتی: سووربوونی ژنان لەسەر بەردەوامیدان بە کار و فێربوون بەڵگەیە لەسەر ڕەتکردنەوەی خۆبەدەستەوەدان، پەیامێک ئاڕاستەی ژنانی ئەفغانستان دەکات، بەتایبەتی منداڵانی کچی دایکندی، داوایان لێ دەکات دەست بە هیواوە بگرن تا هەمیشە هێزی خۆیان بپارێزن و بەردەوام بن لە ڕێگەکەیان، ژنانی ئەفغانستان لە پشتی هەر دەرگایەکی داخراوەوە ڕێگەیەک بۆ خۆیان دەدۆزنەوە، جێگەی شانازییە کە لە سێبەری ئەم بارودۆخەدا بەردەوامن لە هەوڵدان و تێکۆشان.