گرژییەکان بەردەوامن و فەرمانی چۆڵکردن لە تاران دەرچوو
لە نێوان پەرەسەندنی گرژییەکانی ئێران و ئیسرائیل و بەردەوامی هێرشە مووشەکی و ئاسمانییەکان کە ناوچەیەکی فراوانی هەردوولایان کردە ئامانج، ئێران لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ئەمڕۆدا هێرشی مووشەکی بۆ سەر شارەکانی حەیفا و تەل ئەبیب دەستپێکرد.

ناوەندی هەواڵ
ئێران و ئیسرائیل بۆ پێنجەمین ڕۆژی لەسەریەک مووشەکیی توندیان ئاڵوگۆڕ کرد، هاوکات لایەنە نێودەوڵەتییەکان نیگەرانییەکی زۆریان لە هێرشە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو وڵات دەربڕی، داوای کەمکردنەوەی توندوتیژی و گەڕانەوە بۆ دیپلۆماسییان کرد.
لە کاتژمێرەکانی سەرەتای پێنجەمین ڕۆژی هێرشەکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل، ئێران لە کاردانەوە بە ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووی ئیسرائیل هێرشی مووشەکی بۆ سەر شارەکانی حەیفا و تەل ئەبیب دەستپێکرد، ئیسرائیل ڕۆژی ١٧ی حوزەیران ڕایگەیاند کە ئەو مووشەکانەی لە ئێرانەوە بەرەو ئیسرائیل ئاراستە دەکرێن دەستنیشان کردووە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین ناوچەی ناو ئێران ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئیسرائیل بووەتەوە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی ئێران لە چەند شوێنێک چالاک کردووە، ئەم هێرشانە شارەکانی کرماشان، سنە، تەبرێز، تاران، ئیلام، مەشهەد، خوراسانی باشوور، قوم، زەنجان، ئەسفەهان، شیراز، بۆروجێرد، ئەراک، ئابادان، ورمێ، ئەهواز، کەرەجیشیان کردۆتە ئامانج.
ئیسرائیل و دۆناڵد ترەمپ، پێشەنگی ئەمریکا فەرمانی چۆڵکردنی دەستبەجێیان بۆ تاران دەرکرد، ناوچە جۆربەجۆرەکانی تاران لەوان بینای پۆلیسی تارانی گەورە، ئیسلام شەهر، گۆڕەپانی ئازادی و ناوچەکانی ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، باکوور و باشووری تاران، هێرشیان کرایە سەر و زیان بە ژێرخانی تاران کەوت.
دوێنێ ئیسرائیل باڵەخانەی تۆڕی پەخشی ئێرانی کردە ئامانج و ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس و کارمەندانی ئێرانی کوژران ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، ڕادیۆکە تا ئێستا بە فەرمی گیانلەدەستدانی سێ لە کارمەندەکانی پشتڕاست کردەوە، کە یەکێکیان مەعسومە عەزیمی، کارمەندی سکرتاریەتی ڕادیۆکە بوو.
ژمارەی کوژراوان لە هەردوولا
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران ڕایگەیاند: ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئەنجامی هێرشەکانی ڕژێمی ئیسرائیلی لە ڕۆژی هەینیەوە کوژراون و بریندار بوون، گەیشتووەتە ٢٢٤ کەس لەوانە ژن و منداڵ، هه زار و ٢٧٧ کەسی دیکەش بریندار بوون، ٥٢٢ کەسیان دوای وەرگرتنی چاودێری پزیشکی لە نەخۆشخانەکان دەچوون.
لەلایەنی ئیسرائیلیشەوە ٢٤ کەس کوژران و سەدان کەسیش بریندار بوون، ئەم هێرشانە زیانی بەرفراوانیان بە شارەکانی تەل ئەبیب، حەیفا، بتاح، تکڤا و بەیت یام گەیاند، کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە کە سیستەمی بەرگری مووشەکی وەکو ئایرۆن دۆم و داڤیدز سلینگ و حەویتۆ کاریگەر بوون، بەڵام ژمارەیەک موشەک هاتنە ناو ناوچەی نیشتەجێبوون و کەوتنە خوارەوە.
هێرشە مووشەکییە بەردەوامەکانی هەردوولا لەگەڵ بانگەوازی دۆناڵد ترەمپ، پێشەنگی ئەمریکا بۆ چۆڵکردنی دەستبەجێی تاران، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ناچارکردووە ماڵ و حاڵی خۆیان جێبهێڵن، بەدوای پەناگەیەکی ئاسایش و دوور لە ناوچەکانی شەڕ و ناوچە ئامانجدارەکان بگەڕێن.
لە تاران هەزاران هاوڵاتی مەدەنی ئێرانی ئاوارەبوون، لەو شوێنانەدا هێڵێکی درێژی ئۆتۆمبێلی بارکراو بە جانتا بینران کە بە دوای سەلامەتی بەرەو شار و ناوچە گوندنشینەکان دەڕۆیشتن، هەروەها ئیسرائیلییەکان ناچار بوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن و بەدوای پەناگەدا بگەڕێن.