ژنان زمانی دایکی خۆیان بەرەوپێش دەبەن: زمان ناسنامەی ئێمەیە

ژنانی قامیشلۆ لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە سایەی شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد، فێری زمانی کوردی دەبن و دەڵێن: زمانی کوردی بوون و ناسنامەی ئێمەیە.

زەینەب عیسا

 

قامیشلۆ- پێش ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوا لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دەست پێبکات، دەوڵەتی شام هەموو مافەکانی کوردیان زەوت کردبوو، ناوی کوردی قەدەغە بوو، مافی خوێندنەوە یان قسەکردنیان بە زمانی خۆیان قەدەغە بوو، لە دوای شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بە پێشەنگایەتی ژنان دامەزرا، هەموو کوردێک خاوەن ئیرادە و باوەڕ بوو، داوای مافی خۆی دەکرد، ئەمەش یەکێک بوو لە مافە ڕەواکانیان بۆ خوێندنەوە و قسەکردن بە زمانی خۆیان، ئەنجومەنی پارتی یەکێتی دیموکراتیک-پەیەدە لە گەڕەکی قدوربەگی شاری قامیشلۆ، دەستی کردووە بە وتنەوەی زمانی کوردی بۆ ژنان و فێری زمانی کوردییان دەکات.

 

"خەونی ئێمە ئەوە بوو بە زمانی خۆمان بخوێنین"

ڕۆدین عیسا، تەمەن ٣٨ ساڵ، دانیشتووی گەڕەکی قدوربەگی شاری قامیشلۆیە، باسی ژیانی ئەو کوردانەی کرد کە پێش شۆڕش مافەکانیان چەوسێندراوەتەوە و وتی: پێش ئەوەی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان دەست پێبکات، دەوڵەتی شام دەوڵەتێکی ناسیۆنالیستی بوو کە نەیهێشت کەس قسە بە زمانی دایکی بکات، تەنها بە زمانی عەرەبی لە قوتابخانەکان، لە شەقامەکان و لە ناو هاوڕێکانتدا، ئەگەر ناوی کەسێک بە کوردی بووایە، هێڵی سووریان لە ژێر ناوی دادەنا، خەون و خەیاڵمان ئەوە بوو کە بە زمانی خۆمان قسە بکەین و زمانەکەمان فێربین.

 

"بە فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ، هەموو کوردێک بووە خاوەن ئیرادە"

 ڕۆدین عیسا ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای شۆڕشی ڕۆژئاوا کە بە پێشەنگایەتی ژنان دەستیپێکرد و بووە هۆی ئەوەی کورد زمانێکی هەبێت و هەموو کوردێک بە فەرمی بە زمانی دایکی خۆی بخوێنێت، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: بە سایەی مامۆستای گەورە ڕێبەر ئاپۆ، بە بیرکردنەوەی خۆی و فەلسەفەی ئەو شۆڕشی ڕۆژئاوا ڕوویدا، هەموو کوردێک بووە خاوەن ناسنامە، قوتابخانەکانمان دامەزران و ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا جێگەی خۆیان گرتەوە وەک ژنێکی کورد جگە لە ئاستی یەکەم و دووەم و سێیەم کەس بۆ قوتابخانە وەرناگیرێت، ئێمە دێین بۆ فێربوونی زمانەکەمان، ئەو مامۆستایەی فێری زمانی کوردیمان دەکات زۆر بەنرخە و تا بە باشی فێری نەبین وانەکە کۆتایی پێناهێنێت.

 

"زمان بوون و ناسنامەی ئێمەیە"

ڕۆدین عیسا داوای لە هەموو لایەک کرد کە بە زمانی خۆیان بخوێنن و منداڵەکانیان فێری زمانی دایک بکەن لە پێناو ئەوەی ببنە پێشەنگ بۆ نەوەکانی داهاتوو و لە کۆتاییدا وتی: داوا لە هەموو لایەک دەکەم فێری زمانی خۆیان بن چونکە ١٣ هەزار شەهید درا، بۆ ئەوەی ئێمەی کورد بتواننین خاوەن ناسنامە بین، ئەوانەی تەمەنیان گەورەیە، منداڵەکانیان فێری زمانی کوردی بکەن بۆ ئەوەی ببنە پێشەنگ بۆ نەوەکانی داهاتوو.