لە جیبۆتی سەما شێوازێکە بۆ خۆدەربڕینی ژنان

وەفا محەمەد، دامەزرێنەری گروپی سەمای ئاگری دجیب لە جیبۆتی، ڕایگەیاند، سەرەڕای ئەو هەموو فشارە، ژنان لە ڕێگەی سەماوە خۆیان دەردەبڕن و دەڵێت: سەختییەکان نابنە بەربەست بۆ ئەندامانی گروپەکە و ئەوان لە هەوڵەکانیان ناوەستن.

زەینەب هەداجی

 

جیبوتی- ژنان وەک هەموو بوارەکانی دیکەی ژیان، لە بواری ڕۆشنبیری و هونەریشدا دژی فشار و نەریتی کۆمەڵگە تێکۆشان دەکەن، جیبۆتی کە یەکێکە لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەفریقا، گروپی سەمای ئاگری دجیب کە لە ساڵی ٢٠٢٠ دامەزرا، ژنان لەو کۆمەڵەیەدا هەوڵدەدەن لە ڕێگەی سەماوە خۆیان دەرببڕن، گروپی سەمای ئاگری دجیب کە سەمای نەریتی ئەفریقی لەگەڵ هەندێک سەمای هیندی تێکەڵ دەکات، تیشک دەخاتە سەر کولتووری دەوڵەمەندی جیبۆتی لەگەڵ کولتوورە جیاوازەکان.

 

"سەمای ژنان قبوڵ ناکرێت"

وەفا محەمەد، وەک ژمێریار لە کۆمپانیایەکی تایبەتدا کاری دەکرد، لە منداڵیدا حەزی لە سەماکردن بوو و سەمای وەک ئامرازێکی خۆدەربڕین دەبینی، هەرچەندە بە بیانووی ئەوەی کە نەگونجاوە ڕێگری لێکرابوو، بەڵام پێداگری لەسەر سەماکردن کرد و گروپێکی سەماکردنی دامەزراند، وتیشی: لەکاتی دامەزراندنی گروپی سەما تەنها سەماکاری پیاوان هەبوون.

 

دەشڵێت: ئەرکێکی قورس بوو بۆ من کە بەردەوامبم لە بەڕێوەبردنی گروپەکە بە تایبەت لە کۆمەڵگەیەکی کۆنەپەرستانەی جیبۆتی کە لە کۆنەوە بیرۆکەی سەمای پیشەیی ژنانیان قبوڵ نەدەکرد، ڕەتکردنەوەی سەما تەنها لەسەر ئاستی تاکەکان نەبوو. بەڵکو تەواوی خێزانەکان بیرۆکەی سەماکردن بۆ ژنانیان ڕەت دەکردەوە، ئەمەش کێشەی دەروونی و کۆمەڵایەتی بۆ ژنان دروست دەکرد.

 

"بەڕاستی ستەممان لێکرابوو"

وەفا محەمەد، ئاماژەی بەوەدا، هەندێک لە ئەقڵیەتە کۆنەپەرستەکان، سەماکردنیان بۆ ژنان بە نەشیاو داناوە، تەنانەت ڕەخنەشیان لێگرتوون و ڕێگەیان نەداوە چالاکییەکانیان ئەنجام بدەن، دەشڵێت: بەهۆی ئەوەی خوێندنگەیەکی پیشەیی و دامەزراوەی سەما لە وڵاتدا نییە، بە ئەستەم شوێنی گونجاو بۆ ڕاهێنانکردن و دۆزینەوەی جلوبەرگ بەدەست دەکەوێت، ئەم سەختییە نەبووە هۆی ئەوەی ئەندامانی گروپەکە واز لە ڕاهێنانەکانیان بهێنن، بە پێچەوانەوە، ئەوان زیاتر سووربوون بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

 

"بەدەستهێنانی سەرکەوتنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی"

وەفا محەمەد، ئاماژەی بەوەدا کە گروپی سەمای ئاگری دجیب بە نمایشە سەرنجڕاکێشەکانیان لە یارییەکانی فرانکافۆن کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە شاری کینشاسای کۆماری کۆنگۆی دیموکرات بەڕێوەچوو، و لە زۆر چالاکییدا سەرنجێکی باشی لەلایەن ئامادەبووانەوە بەدەستهێناوە و لە فێستیڤاڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، باسی لەوەشکرد کە گروپەکە بەشدارییان لە ڕۆژی یارییە ئۆڵۆمپیەکانی جیبۆتی کردووە.

 

"گروپەکە ئیلهامبەخشە بۆ زۆرێک لە ژنان"

یاسمین تاهیر، ئەندامی گروپی سەمای ئاگری دجیب وتی: ژینگەمان دروستکردووە کە ژنان بتوانن لە ڕێگەی هونەرەوە خۆیان دەرببڕن، گروپەکە لە جیبۆتی بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ زۆرێک لە ژنان، تێڕوانینە ئەرێنییەکان وزەم پێدەبەخشن بۆ ئەوەی بەردەوام بم لە خولیای سەماکردنم، هەروەها ڕەخنەی توند هەوڵی من زیاد دەکات.

 

وەفا محمد و یاسمین تاهر و هاوکارەکانیان سەلماندیان کە دەتوانن بەسەر هەر شتێکدا زاڵ بن کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، هونەر و ڕۆشنبیری دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕن لە بەهێزکردنی ژنان و لە گۆڕانی کۆمەڵگەدا، هیوادارن چالاکی گروپەکە بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بتوانن ئیلهام بە کۆمەڵگە و ژنان ببەخشن، بۆ ئەوەی سەرکەوتنی زیاتر لە ژیانیاندا تۆمار بکەن.