نەتەوە یەکگرتووەکان: ئەفغانستان بەرزترین ڕێژەی مردنی دایکان و کۆرپەی لە جیهاندا هەیە

بەپێی ئاماری نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان-OCHA، ئەفغانستان بەرزترین ڕێژەی مردنی دایکان و کۆرپەی لە جیهاندا هەیە و لە هەر ١٠٠ هەزار منداڵی تازە لەدایکبوو، ٦٩٩یان گیانیان لەدەستداوە.

ناوەندی هەواڵ

 

نوسینگەی هەماهەنگی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان-OCHA، ڕاپۆرتێکدا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە دۆخی تەندروستی ئەفغانستان و ئاماری مردنی دایکان و منداڵانی تازە لەدایکبوو، ڕایگەیاند، نەبوونی دەستڕاگەیشتن و کوالیتی منداڵبوون و تەندروستی منداڵان و خزمەتگوزارییەکانی چاودێری هۆکاری زیادبوونی مردنە لە ئەفغانستان.

 

بەپێی ئاماری نووسینگەکە، ئەفغانستان بەرزترین ڕێژەی مردنی دایکان و کۆرپەی لە جیهاندا هەیە و لە هەر ١٠٠ هەزار منداڵی تازە لەدایکبوو ٦٩٩یان گیانیان لەدەستداوە، ئەوەش خراوەتەڕوو، نەبوونی پزیشکی ژن لە شار و گوندە دوورەدەستەکانی ئەفغانستان، نەبوونی کەرەستەی پزیشکی، چوار دەیە شەڕ، نەبوونی وەبەرهێنان لە سیستەمی تەندروستی و کەمی سەرچاوەی دارایی، ئەفغانستانی ڕووبەڕووی قەیرانێکی سەخت کردووەتەوە.

 

دکتۆر سەحەر، بەڕێوەبەری چاودێری تەندروستی ناوچەیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، ڕایگەیاندووە: سیستەمی چاودێری تەندروستی گشتی وڵاتەکە نزیک بوو لە لەناوچوون دوای ڕووخانی حکومەتی پێشوو لە مانگی ئابی ٢٠٢١، ئەگەر ئەفغانستانیش زیادکردنی دەستڕاگەیشتن بە چاودێری تەندروستی گشتی ژنان و منداڵانی بوێت،  پێویستی بە پیشەیی تەندروستی زیاتری ژن هەیە.

 

هەروەها باسی لە کۆچی سەدان ژنی پسپۆڕی پزیشکی و تەندروستی لە دوای ڕووخانی ئەفغانستان و داگیرکاری تاڵیبان کرد، کە کاریگەری لەسەر سیستەمی تەندروستی ئەفغانستان کرد و نیگەرانی خۆی لە دۆخی ناجێگیری ئەم وڵاتە دەربڕی.