"ناکرێت بانگەشەی دەوڵەتی کوردی بکەیت و هێندەی دوژمنێک دژی هێزە کوردییەکان بیت"

نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس، لەبارەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و ئێران و هاوکاریە ناوخۆییەکان بۆ دەوڵەتانی داگیرکەر، دەڵێت: هەر جۆرە هاریكاریكردنێك یان شەڕێكی بە وەكالەت بۆ دوو دەوڵەتی فاشیستی وەك ئێران و توركیا، خیانەتە و دەیانخاتە زبڵدانی مێژووەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٨ی ئەیلوول لە دوو هێرشی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیادا، لە شاری هەولێر دەنیز جەودەت بولبول، ئەندامی كۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە لە بارەگای کەنەکە تیرۆر کرا و دوو کاتژمێر دواتر فرۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت رێگای فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانەوە بۆردوومانکرا و سێ پێشمەرگەی هێزەکانی دژەتیرۆری کوردستان شەهید بوون و سێ پێشمەرگەی دیكەش برینداربوون.

 

نیاز عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس، لەبارەی هێرشەکانەوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی ڕایەگەیاند، "لە هەردوو كردەكەدا دەوڵەتی توركیا ئەنجامدەری تاوانەكانە، بەڵام لەوە سەختتر و مەترسیدارتر، باسكردنە لەو لایەنە ناوخۆییانەی لە رێگای هاریكاری و پێدانی زانیارییەوە بوونەتە چاوی ئەنجامدانی تاوانەكان".

 

لە درێژەی نووسراوەکەیدا نیاز عەبدوڵا دەنووسێت: "بەپێی سەرچاوە میدیاییەكان، بەهۆی چوونی پاسەوانی سنووری عێراق و جموجۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەكانی باكوور و ڕۆژهەڵات، لەم ڕۆژانەدا نزیكەی دوو هەزار خێزان لە ناوچە سنوورییەكانی ئێران و توركیا، ماڵ و گوند و كێڵگەكانیان بە جێهێشتووە و ئاوارەبوون، هاوكات ئێران و توركیا خۆیان بۆ هێرشی فراوانتر ئامادە كردووە".

 

هاریکاری دەوڵەتانی داگیرکەر خیانەت و شەرمەزارییە

لە درێژەی قسەکانیدا ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت: هەر جۆرە هاریكاریكردنێك یان شەڕێكی بە وەكالەت بۆ دوو دەوڵەتی فاشیستی وەك ئێران و توركیا، جگە لە خیانەت و شەرمەزاری، وا دەكات ئەو هێز و لایەنانە بچنە زبڵدانی مێژووەوە، ناكرێت بانگەشەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردی و دروشمە نەتەوەییەكان بكەیت، لە كاتێكدا بە هێندەی دووژمنێك دژ بەهێزە كوردییەكانی نیشتیمانەكەی خۆت و هەر بەشێكی دیكەی كوردستان بیت، لەم بارودۆخەدا لەبری بوون بە چاوی دوژمن، پێویستە كار بۆ پاراستنی ئاشتی بكرێت".